دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/پیتی و

دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی  (1891)  by شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی
پیتی و

1 edit

ڕوخاندی گەردشی گەردوون لە هەر جێ ئاستانێ بوو سوتاندی چەرخی دوون پەروەر لە هەر کوێ ئاشیانێ بوو
وەکو تەییی سجل للكتب پێچایەوە گەردوون لە هەر مهمانسەرا ئاساری سفرە و نان و خوانێ بوو
بە حاتەم گەر بکەی تەشبیهی ئەم ئاغایە بێ عەقڵی کە فەرقی ئەم لەگەڵ ئەو ئاسمان و ڕێسمانێ بوو
درێغ بۆ خانەدانی مارف ئاغای سەروەری ئاکۆ کە جێگەی عەیش و عەشرەت، مەنبەعی ئەمن و ئەمانێ بوو
لە جوود و بەخشش و ئەنعامی خۆی و قەوم و ئەتباعی وەکوو شانامە و ڕۆستەم لە هەر جێ داستانێ بوو
کەیومەرسی دووەم، جەمشیدی سانی، خوسرەوی سالیس سولەیمانی زەمان، ئەسکەندەری ساحێبقڕانێ بوو
شەوی وەک زوڵفی یارە و ڕووی حەسوود و بەختی من تاریک لەگەڵ دیجوور و یەلدا وا حیساب کە تەوئەمانێ بوو
بە نامەردی شەهیدیان کرد وەکوو حەمزە و عومەر، دوژمن موراد ئاغا کە ڕۆژی جەنگ و دەعوا قەهرەمانێ بوو
کەسێ ئەم سەروی ڕەعنایەی لە پێ خست گەردنی بشکێ چ زێبا سوورەتێ، یا ڕەب، چ شیرین نەوجەوانێ بوو
مورادیان بۆیە ناو نابوو لە وەختی بەخشش و ئینعام لەبۆ بابی موراد دەستی کەریمی نەردەبانێ بوو
لە حەق شێخ و مەلا و دەروێش و سۆفی سائیل و سەییاح وەکوو حاتەم شەفیق و دڵنەواز و میهرەبانێ بوو
ئیتر نەتبێ لە موڵکی ڕۆم ڕەزا ئوممێدی ئاسایش لە پێش ئەم کارەدا هێشتا ئومێدی پارچە نانێ بوو

2 edit

لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لە بەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا سەدای مۆزیقە و نەققارە تا ئەیوانی کەیوان بوو
درێخ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە کە مەیدانی جریدبازی لە دەوری کانی ئاسکان بوو
بە زەربی حەملەیێ بەغدای تەسخیر کرد و تێی هەڵدا سولەیمانی زەمان، ڕاستت دەوێ، باوکی سولەیمان بوو
عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما سەلاحەددین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو
عوموومی شەهریاران و سەلاتینی فەرەنگستان لە ڕوعبی سەتوەتی ئەو شێرەدا گشتی هەراسان بوو
قوبووری پڕ لە نووری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ کە بارانی کەفی ئیحسانیان وەک هەوری نیسان بوو
کە عەبدوڵڵاهـ پاشا لەشکری والیی سنەی شڕ کرد ڕەزا ئەو وەختە عومری پێنج و شەش تیفلی دەبستان بوو

3 edit

ئەی مەلا تۆ قەت تۆ لە زەرفێندا وەها خێرا نەبووی یا لە حیزیی بەختی من یا مۆرەکەت مووی پێوە بوو
حاڵ لە سێ خاڵی نییە تو خودا بەڕاستی پێم بڵێ مووی سمێڵت یا بەرت یا کلکی یابووی پێوە بوو
وا دەزانم مووی ڕزیوی پێستی دەبباغخانە بوو چونکە ئاساری کەتیرە و جەوت و مازووی پێوە بوو
پەشمی پاشت بۆ مەزەندە چونکە وەختی ڕۆژهەڵات دیققەتم کرد دەور و پشتی زەرفەکان گووی پێوە بوو
مووی سەگی گڕوێش وەها نابێ بەتەخمین سەد هەزار ڕشک و ئەسپێ و کێچ و کەهلە، کرم و کڕنووی پێوە بوو
ئەلغەرەز دوو پشکی ڕۆحم چوو لە ترسان ئەو شەوە هێندە دووپشک و هەزارپێ و مار و مێرووی پێوە بوو
قاوەچی ڕووی سینییەکەی هەرچەند بەنینۆک هەڵکڕاند قەلعی ئاساری نەکرد هێشتا بەشی تۆی پێوە بوو
زۆر نەما بوو بۆنی سەرگین بمکوژێ، وا تێ دەگەم تووکی بن کلکی کەر و بارگیری مردووی پێوە بوو
داوەکەی موویین و گڕوینت بەکاری هیچ نەهات گەرچی هەرلایێ دووسەد ئەفسوون و جادووی پێوە بوو

4 edit

حەسەنی هەمزە لەسەر «شەم» کە چییە تەفسیری دەست بەشمشێر لەگەڵم ساحیبی دەعوا دەرچوو
من وتم ناخوێنی شێر. ئەو وتی کلکی شێرە لەسەر ئەم لەفزە بەسێ شووڕش و دەعوا دەرچوو
گرەوم کرد لەگەڵی، چووم و کتێبم هێنا ناخونی من نەبوو کلکی حەسەن ئاغا دەرچوو