هەی بۆ کەرێ قەڕابەسەر، دەشت تەی کەرێکی باسییەر
|
گوێ کوڕت و پان و نێرەکەر، کوڵکن کەڵۆ کوت و بارەبەر
|
بۆ ڕێگە ڕەو بەرقی فەڵەک وشتر زمان و دەم دەڵەک
|
لولاقی ڕانی وەک دمەک ئەتۆموبیلی ڕەهگوزەر
|
هاشرمە گیر و خۆش خەرام بەرز و درێژ و هەم زەلام
|
هەم جو شکێن و تیژ و ڕام، چابوک وەکوو شەمەندەفەر
|
شێری عەجەم، ئەسپی عەرەب، ئیجادە چاو و خۆش لەقەب
|
سافی وەکوو جای حەڵەب، توند و گەڕۆک و کاریگەر
|
تووکی سپی وەک باڵی بەت، تەڕ دەماخی چەشنی شەت
|
ڕێگیر و ڕاس و بێ غەڵەت، دایم لە کۆە و دەشت و دەر
|
ماکەر فەریب و حەیتە زل، دایم بەبێ کۆپان و جل
|
گە ڕووسپی، گاهێ خەجڵ هەم زەنگ لە مل هەم بارەبەر
|
بێ عەیب و جوان و پۆزەڕەش، هەم گوێدرێژ و بارکەش
|
یاڵ مایین و ئاوەزە خۆش، ئەستوور مل و پارێنە سەر
|
کلکی کڵافەی سەر کەفەڵ، ڕەنگ دێز و تووکن وەک چەقەڵ
|
دوو هێلکە گون توری پفەڵ، دەنگ و سەدا، سۆفی نەزەر
|
سەر ڕەشکە کا ئەشکەوتە لووت، وەک بەعزێ ئاغا ڕووت و قووت
|
بۆ قانعی چاکتر لە جووت، بێ ترس و لەرز و بێ خەتەر
|