ئاقیدەی شێخ سەمیع/باسی پردی سیڕات و جەهەننەم
لە پردی سیڕات، بە سەد دەرد و خەم | دەکەونە خوارێ بۆ ناو جەهەننەم |
نەعوزوبیللا لەو بەدبەختییە | لەو دەرد و میحنەت، تەنگی و سەختییە |
ئەوان بە قولاپی ئاسندا ئەکرێن | وەک گۆشتی قەسساب پێ هەڵداوەسرێن |
هەتا دەسووتێن قەلبیان دادەڕزێ | ئێسقان و پێستیان پێکدا هەڵدەکزێ |
سەرپاک ئەسووتێن، ئەوجا دێنەخوار | دیسان دەیانکەن هەر وەک ئەووەڵجار |
سەد لە ئەووەڵجار زۆر و زیاتر | دەیانسووتێنن لە ئەووەڵ چاتر |
تەواو هەڵدەکزێن بەردەبنە خوارێ | سەراوبن دەکرێن جار دەگەڵ جارێ |
هەر بەو دەستوورە هەتا تێیدا بێ | هەر عەزاب ئەدرێ مردنی نابێ |