بێرە کوردستان عەزیزم، گەر تۆ سەیرانت دەوێ
|
بتبەمە قەندیل، ئەگەر گوڵزاری کوێستانت دەوێ
|
سەیری ئەو خێڵاتەکە، نشتووتە دامێنی چیا
|
بابچینە ماڵە گەورە، قەوم و خزمانت دەوێ
|
دەتبەمە سەر پیرەمەگروون و کاژاو و شەرا
|
بێ ڕەسەد سەیری مەهو بورجیس و کەیوانت دەوێ
|
بتبەمە پای تاقی لای سەر پێل و سەرمێل و کرند
|
پێت نیشاندەم چەن هەزار ئاساری ساسانت دەوێ
|
ئاوی ڕوونی ڕەوشەنی چەشمانی دامێنی چیا
|
لێی بنۆشە دەم بەدەم گەر ئاوی حەیوانت دەوێ
|
هەڵسە گەشتی لالە وو گوڵزاری کوردستان بکە
|
گەر لە بۆ دەردی کوشندەت داو و دەرمانت دەوێ
|
لاوی کوردی من لە بەرکە، شاڵی زاخۆ و ئامەدی
|
گەر ئەتۆ چاتر لە کاری شاڵی کرمانت دەوێ
|
گیان و ماڵت بەخشی ڕێگەی میللەتت کە چاوەکەم
|
گەر لە خوا ئازادی وو بەخشین و ئیحسانت دەوێ
|
ئەی ئەسیری هێندە عەشقی میللەتی کوردت هەیە
|
بمریشی لام وایە گۆڕی گردی سەیوانت دەوێ
|