ئاو لە ئەزەلدا کە ڕوونە و پاکە
ئاو لە ئەزەلدا کە ڕوونە و پاکە | لە کەڵکی ئەخا گا بە شیاکە |
زۆر پیاوی پاکی تەمیز وەک گەوهەر | هاونشینی بەد لەکەی خستە سەر |
خواستی خوا وایە، کە زۆر مەردی خوا | بە چاووڕاوی بەد تەفرە ئەخوا |
پەڵە دەرناخا ئەوەی ڕەش کارە | قوماشی سپی لەکەی تیا دیارە |
ئاخ ئەو کەسانەی کە چاک ئەگۆڕن | بۆ ژیان ناشێن شایستەی گۆڕن |
نە کاری عەقڵە و نە دیرایەتە | «شَیَاطِینَ الْإِنسِ وَالْجِن» ئایەتە |
خوا بتانگرێ پیاو خراپینە | لەگەڵ چاکاندا چییە ئەم قینە |
شەیتان لە ڕاستی چوار چاکمان لادا | ئێمەش چوارچاکمان بکەین بەلادا |
با بەس لە کەلی شەیتان سەرکەوین | تۆزێکیش لەناو خەڵکا سەرکەوین |
عەشرەت بزانن جارێکە و ئەم جار | نەکەونە خۆتان، ئەکەونە ژێر بار |
بەراتە و قاپی کراوەتەوە | بەراتی نەجات نووسراوەتەوە |
هەر هێندەی ئەوێ بڵێی منیش هەم | هەموو کارێکت بۆ دێتە بەرهەم |
ئەگینە بەرگەی گرانی ناگرین | جاویش گرانە، بێ کفن ئەمرین |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 753
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|