ئاو مردوو و زیندوو پاک ئەکاتەوە
ئاو مردوو و زیندوو پاک ئەکاتەوە | گڵ گڵاویمان لێ ئەشواتەوە |
وادیارە ئێمە لە ئاو و گڵین | لە سروشتمانا پاک و یەکدڵین |
کەچی بە جۆیێ هەوا ئەستێنین | ئەبین بە ئاگر خەڵک ئەسووتێنین |
ئاگری جەهەننەم ناهێنینە بیر | بە پاڵی شەیتان ئەکەوینە «بیر» |
چونکو ئاگرەکە لە پێش چاو نییە | هەندێ ئەڵێن «حەو! جەهەننەم چییە؟» |
کەوتینە دەورێ، تێکەولێکەیە | هەژار هاواری پاروو و تیکەیە |
خەیاڵی ئاش و ئاشەوان جوێیە | هیچیان نازانن دانیان لە کوێیە |
کاتێ باراش هات هەر دووکیان ئەیخۆن | ئاوی ئاش ببڕێ، بەرداش لەسەر خۆن |
ڕۆن و برنج کڕ «نۆت»یان زۆر پێیە | چۆلەکەی دەشتی و بەردی دەشتێیە |
ئێستا کل نادەین بە برینەوە | با سارد بی ئەوسا سارد ئەبینەوە |
ئەم «تەق، هاویتە» بۆ تەقاویتە | مەعاشیان کەمە و نانیان بێ پیتە |
ئەوی هەتیو و لێکەوتوی ناوێ | خوا لە دەفتەری خۆی دەریان هاوێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 688
1942/11/03
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|