ئاگری نەورۆز
ئیسک و پرووسک و لاشەی شەهیدان | هیی ساوا و لاو و پیر و ئافرەتان |
گشتی پێخۆر و بڕشتن ئەمڕۆ | کورد بە دەستی خۆی هەمووی کردوون کۆ |
لە تەوقی سەری لووتکەی کۆڵنەدان | بوونە خەرمانی دیاری تێکۆشان |
ئەو خوێنە ئاڵە پیرۆزەش کە کورد | بێ چاوچنۆکی ڕژاندی بە گرد |
لە ڕێی ڕزگاریی ئەم کوردستانە | بەنزین و نەوتی سووری سووتانە |
بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز | بە گشت بڕواوە بە دڵ و بە سۆز |
قڵپاندمانە سەر سەراپای خەرمان | جا بە هەناسەی سەختی دایکەکان |
بە قرچەی جەرگی جەرگ بڕاوەکان | بە کڵپەی سۆزی گشت ئاوارەکان |
گڕ بەرئەدەینە ئا ئەو خەرمانە | کە لاشە و ئێسک و خوێنی خۆمانە |
گڕ و مەشخەڵی با بەرز بێتەوە | شەوقی با زەمین گشت بگرێتەوە |
بزانن ئێمە کە جەستەی خۆمان | ئەکەینە چرای ڕێگای تێکۆشان |
خۆمان ئەبینە سووتەمەنی و گڕ | خۆمان ئەبینە مەشخەڵ و ئاگر |
ئاگری نەورۆز وا ئەکەینەوە | گرەوی ژیان هەر ئەبەینەوە |
1962/03/20
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|