یاران دەڵێن هیوا دەبێ، پێیان دەڵێم؛ ئا ئا دەبێ
|
جەژنێکی گەورە وا لە دوو، ڕوومان گەش و دڵ شاد ئەبێ
|
هێز و چەک و پوولت نییە، سەرباز و سەرکردەت نییە
|
پشت و پەناهێکت نییە، کێیە بەتۆ دڵداد ئەبێ
|
هەر با چەک و پوولم نەبێ، میللەت لە خەو هەڵسێ بەسە
|
پشت و پەناهـ و دەسگرم، پارێزگارم خوا ئەبێ
|
خوونی گەلت وا بۆتە سێل، گەورانێ ماون بوونە وێڵ
|
گەروا بڵێن پێیان دەڵێم بۆ گەیینەهیوا وا ئەبێ
|
ئەم بیرە هەرکە کەوتە سەر، نامێنێ ترسی ماڵ و سەر
|
پیاوی کز و بێ دەسهەڵات، لەو چاخە وەک فەرهاد ئەبێ
|
ڕۆژێک ئەبێ تەم لا ئەچێ، خۆریش لە کوردان دەرئەچێ
|
ئەو ڕۆژە هەر وەک مەحشەرە، چاک و خراپ لێک جیا ئەبێ
|
پێکهێنەری فەرمانی گەل، سەربەرز و پایەی ژوور ئەبێ
|
بەدبینی بێگانە پەرست، دوورەدەر و بەرباد ئەبێ
|
بەدبینە قەیرە و پیری گەل ئەوجا پەشیمانی ئەبەن
|
ئەو چاخی جەژنە گەورەیە، ڕۆژی گەش و نەوزاد ئەبێ
|
کاکی ئەسیری چی بەتۆ، ئەوجا لەژێر خاکی ئەتۆ
|
ڕاستی ئەوەندەت بۆ هەیە، ناوت بەچاکە یاد ئەبێ
|