ئۆخەی نیشتمان

ئۆخەی نیشتمان (1966)
by عوسمان عوزێری
302997ئۆخەی نیشتمان1966عوسمان عوزێری

لە ڕۆژی ١٩٥٧/٠٩/٠٢دا شەهید «عوسمان عوزێری» بەسەردان هاتۆتەوە بۆ سلێمانی کە ماوەیەکی زۆر بووە چاوی بە کوردستانی خۆشەویست نەکەوتووە لە شادییا ئەم هەڵبەستەی داناوە بۆ دەربڕینی هەستی بەکوڵی کە تاسەی دوورییەکەی پێ بشکێ.

ئۆخەی نیشتمان هێزی دەروونم بیلبیلەی چاو و گلارەی ڕوونم
ئەمجاش نەمردم تۆم بینییەوە نەما ئاهەکەی دوور و مەفتوونم
***
ئیتر بیشمرم خۆشیم ئەگاتێ کە شاد بووم بە تۆ زیاتر لە ساتێ
ئەگەر مردیشم خاکی پیرۆزت وام دائەپۆشێ خەمم نەگاتێ
***
بەڵام هێشتاکوو تاسەم نەشکاوە با جارێ مردن بخەینە لاوە
بێینە سەر باسی شادی و پێکەنین من لە خۆشیی تۆ هێزم بڕاوە
***
ئەوا ئەم جارەش پێت شاد بوومەوە هەوات هات و چوو لە گەروومەوە
هیچ نەما یادی دووری و خەمباری کە خاکی جوانتم نا بە ڕوومەوە
***
دەورەیان داوم درەخت و دەوەن چنار و چیا و دار و دارەبەن
یەتەوە یادم سەدەکانی کۆن کە بۆ ئەژدادمان بووبویتە مەڵبەند
***
ئێسقان و گۆشتیان لێرە کەوتووە بە خوێنی ئەوان گوڵ پشکووتووە
بووە بە گوڵی جوانی سەربەستی کە بۆ ئێمەیان بەجێ هێشتووە
***
ئێمەش تێکڕایی هەموو هەوڵ ئەدەین ئەو گوڵە بگرین بۆنێکی بکەین
تا بە تێکڕایی ببووژێینەوە ئاواتی گەلمان بۆ جیهان دەرخەین
***
جا لەبەر ئەوە لە تۆ دوور ناژین گەر بەندیشمان کەن بۆ لات دەربازین
تا دوا هەناسە تۆ ئەپەرستین بە هەموو جۆرە شوێنێکت ڕازین
***
ئەگەر دووریش بی هەر قیبلەمانی ئاوات و خۆشی و شادیی دڵمانی
سکاڵات ئەکەین هەر لە دوورەوە تاکوو ئەتگەینێ بە شادمانی
***
ئینجا وەک دایک باوەشمان پیا کە ئێمەش ڕۆڵەتین لەسەر ئەم خاکە
تۆیش دایکی ڕاستی دێر زەمانمانی ڕۆح لە پێناوتا نەمێنێ چاکە
***
هەموو پێشمەرگەی نێو سەعاتی تۆین بەرەو دوژمنت بە هەڵمەت ئەڕۆین
هەتا ئەگەینە ئامانج و ئاوات ئەو کاتەش هەموو بۆت ئەڵقە لە گوێین

1957/09/02
سلێمانی


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).