بە عەزمی ئیستیخارە دوێنێ لە بانگی شێوان
|
نووستم کوتوپڕێ دیم پیاوێکی ئەهلی عیرفان
|
جوانچاک و ژیر و عاقڵ، ئەلفازی زۆر موڕەتتەب
|
فەسیح و ڕەند و زیرەک، نوورین و ساحیب ئیمان
|
پرسیم لێی: ناوت چییە و کوڕی چ میللەتێکی؟
|
تورکی یاخۆ عەجەمی، بولغاری یان لە کوردان؟
|
جوابی وەها ئەدا کرد: لە خاکی پاکی کوردم
|
بەریم لە ئەمریکایی و دوورم لە قەومی ئەڵمان
|
کاوەم کە شۆرەتم بوو لە سەنعەتی زرێدا
|
کوشتم بە جاڕی میللەت زوحاکی دوور لە ئیمان
|
وتم: تۆ خوا فڵانی، تۆ شارەزایی حاڵی
|
بۆچی نەبوو لە کوردان پێغەمبەرێک لەبۆمان؟
|
ئاهێکی ساردی کێشا وتی: وەڵڵاهی قانع
|
لە کوردی قوڕبەسەردا زۆرتر بوون ڕەسوولان
|