ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا، لە ڕاستی مووچەخۆری خۆی
|
سوراحی سەر فروودێنێ لە بۆ پیاڵە کە تێکا بۆی
|
کە ئاو داری لەسەر سەر ڕاگرتووە ئەیزانی چی تیایە
|
لە لای نەنگە کە پەروەردەی نقوم کا گەورەیی وایە
|
لقی شۆڕی درەخت میوەی ئەخۆن بێ ئەرکی بەرد و دار
|
پەڵی بەرد بۆ پەلی بەرزە، لەقەش بۆ سەر پەلی بەردار
|
لە دەوری دووریا پەستم دەروون پڕ دەرد و زووخاوم
|
ئەجەل دێ بمکوژێ، نامناسێ چی بکەم نامرم ماوم!!
|
لەبەر ئاشووبی خێڵم، هیچ شەوێ خەو نایەتە چاوم
|
خەوی ناخۆش ئەبینم بەم پەرێشان خاوییە خاوم
|
ئومێدی سەر لەسەر دەرکەن، ئەوانەی ڕاست و ڕووناکن
|
قەڵەم هەر سەرقەڵەم، مۆم بۆ مقەست، هەر بۆ ئەویش چاکن
|
ئەڵێن مورغی سلێمان ئاو لە ژێر خاکا ئەبینێ ئەو
|
منیش حەوت ساڵەڕێ دوور بێ، بە چاوی دڵ ئەبینم ئەو
|
چرا ڕووناکی بۆ ژێر خۆی نییە ڕەحمەت لە بابی با
|
ئەوی ڕووناکی کەچبینانە گۆڕە، ڕەنجی با بیبا
|
بە جووت پەروانە وو ماسی کە دڵدادەی چرا و گۆلن
|
نزیکی ئەم ئەسووتێنێ، لە دووری ئاو ئەوان حۆلن
|