ئەزانی بۆچی ئەم ڕوژە جوانە؟
ئەزانی بۆچی ئەم ڕوژە جوانە؟ | شەو ئاوادەبێ، لێمان پەنهانە |
لەبەر ئەوەیە قەدری بزانین | لێی وەڕست نەبین، سووک تێی نەڕوانین |
لەگەڵ ئەوەدا لەلایان وایە | کە ئەم دونیایە بەڕۆژ ئاوایە |
کەچی هاوینان خەڵک لێی بێزارە | پیاوی نازپەروەر لێی بە هاوارە |
پەندە بۆ ئەوەی زۆر لە پێش چاوە | ئەگەر ڕۆژیش بێ، خەڵک لێی بێزاوە |
عەشقیش کە شێتی دێنێ بەسەردا | شووری مانیعەی وەسڵە لەبەردا |
کە ئاشقە و ماشقە زوو بەیەک بگەن | زۆری پێ ناچێ پشت لە یەک ئەکەن |
ئێستا وێزێتە هێندەی تێ ناچێ | کچ لەگەڵ کوڕە، پرچ هەڵدەپاچێ |
بۆیە هیچ کوڕێ بۆ کچ شێت نابێ | پێکەوەن لەسەر نان و کەبابێ |
جاران کوڕ ئەیگوت: جەرگم کەبابە | ئێستا خەنیمی نان و کەبابە |
ئای بۆ دەورەی کۆن، دنیا چەند خۆش بوو | کوڕ بە عەشقی کچ مەست و سەرخۆش بوو |
بە لۆیە بەرگ و بە نان و ئاوێ | شا بوو بە عەشقی سەربەدراوێ |
ئەگەر تۆ خوای خۆت بناسی بە دل | هەموو مەرامت بۆ ئەبێ حاسڵ |
خۆشەویستی خوا خەم ئەڕەوێنێ | کە خوات بوو کارت بە کەس نامێنێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 615 و 246
1941/07/01
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|