ئەی برادەر گوێ گرن بۆ تاریفاتی ناتەواو
|
یابوویێکم هەس چ یابوو؟ مۆخ و قووە تیانەماو
|
پاشۆ دیبەک، چاوتەنوور و گوێ وەکوو گێدرێژی پیر
|
کەللە دێو و بێ دیان و سینە وەک دەربەی شکاو
|
لاشە وەک گامێش و ڕۆحی زۆر بچووکتر بوو لە مێش
|
پەیگەشل، بن کلک فل، حەیتەزل و سابرێن گاو
|
قەت لە عومری خۆی سەعاتێ قاڵبێ ساغی نەبوو
|
ناوکەریش و هالەدار و جەوشەن و کەللە مقاو
|
زین پەڵاس و ڕەشوە بەن قەن، قوشقونی ناڵی دەزو
|
هەڵئەکێشێ ئاهـ و ناڵە ئەو بۆ نەختێ کای ڕزاو
|
کایەنی خاڵی و خەواڵە ئاخوڕی پڕبوو لە هیچ
|
وەک ژنێ بێزوو بکا بێزووی ئەکرد بۆ چۆڕێ ئاو
|
من بە سەریۆ یافەتاحم بوو کە ئەو سەرسم نەدا
|
ئەو لە ژێرۆ یا ڕەزاقی بوو لە بۆ سۆس و دەساو
|
ڕۆژی نەورۆز کردمە لاماڵ تا جەمامی دەربچێ
|
ئەووەڵی پاییز لە سەرخۆ گەییە کانی بۆ سەراو
|
قانعا ئەم ئەسپە چاکە بێنە مەیدانی گرەو
|
گاهێ ڕەوت و گاهێ وێرغە، گاهێ نەرمە و گاهێ تاو
|