ئەمان سووتام ئەوا مردم لە لام ژەهراوە ئەم ژینە
|
خوایا یا نەجاتم دە وە یا خود مەرگی من بینە
|
ئەمێستە وام لە حاڵێکا نەبێ کافر بە ئەحواڵم
|
فرەنگ ئیسلام ئەکا یاران کزەی ئەم جەرگە ئارینە
|
دەمێکە دێتە گوێم ئەی دڵ دەنگی گریانی مەحزوونت
|
دەبا ببڕێتەوە مردم بەسە کۆتا کە ئەم ژینە
|
ڕەفیق گوێ بگرە لێم تۆزێ ئەوا مردم
|
ئەگەر ڕێت کەوتە لای یارم بڵێ ئەو شۆخە بێ دینە
|
بە ئێشی وەسڵی دیداری ئەوا ڕۆییم و من نەمدی
|
موحەقەقمە لە قەبریشا زووبانم ویردی ناڵینە
|
ئەگەر ڕەحمی لە دڵدایە کەمێ ئیمانی لا ماوە
|
ئەبێ تەشریفی خۆی بێنێ لە سەر ئەو قەبرە خوێنینە
|
ئومێدم وایە ئەحیا بووم برا گیان من لە خۆشیانا
|
بە بێ شک وەک دەمی عیسایە لام ئەم لوتفە شیرینە
|
فەقەت ئەحیا ئەگەر هاتو وتی ناردوومە سەر قەبری
|
بڵێ وەعدی من و ئەو لای خوای ختم النبیینە
|
ئەمە مەعلوومە من کوشتە و شەهیدی ئەو کەمان ئەبرۆم
|
گەواهم حازر و مەوجوود لە بەرما کفنی ڕەنگینە
|
بە وەڵڵاهی ئەبێ یەخخەی لە دیوانی خوا بگرم
|
وەکوو مینە بڵێم ڕەببی حەققی مەزڵوومیم بستێنە
|