ئەمڕۆکە لە خۆشی وەتەنم هەروەکوو منداڵ
|
دڵ پێ ئەکەنێ ئێستە کە کەوتۆتە گوڕوگاڵ
|
بۆ خزمەتی ئاڵایەکە سەوزە و سپییە و سوور
|
ئەیکەم بە فیدای قەوم و کەس و ڕۆح و سەر و ماڵ
|
ئەو دوو گوڵەگەنمەی کە حەیاتی من و تۆیە
|
یەک سەد ئەبڕێ پشت بە خوا پاییزی ئەمساڵ
|
نووکی قەڵەمیش نێزەیە بۆ سینەیی ناحەز
|
پێی وەرئەگرین حەق چ بە خەروار و بە مسقاڵ
|
سەد شوکری خوا ئێستە کە وا بۆتە گوڵستان
|
چەند ساڵە کە ئەڕژێ وەکوو گوڵ خوێنی گەش و ئاڵ
|
ئەو شیوەنە بۆ ئێستە بوو ئەو ڕۆژە کە ئەموت
|
سەرناکەوێ ئەم قەومە بە تەزبێح و بە بەرماڵ
|
نەمدی کەڕەتێ سۆفی و دێوانە بە هیممەت
|
دەرمانی کەسێ کەن بە دوو سەد زیکر و دوو سەد حاڵ
|
چەند ساڵە چ بۆ دین و چ دنیا چ بوو نەفعی
|
تەعریفی زلیی حووج و کەری حەزرەتی دەججاڵ
|
گیرۆدە بوو ئەم قەومە لەژێر باری خوڕافی
|
گەهـ باسی جنۆکە و شەوە بوو گاهێ قسەی هاڵ
|
پێویستە لەسەر شاعیری ئەم عەسرە لەمەو لا
|
خامۆشی بکا باسی دەم و چاو و خەت و خاڵ
|
لام وایە گەلێ عەیبە لەبۆ پیاوی بەقیمەت
|
ناوبردنی بەرموور و مل و بازن و خڕخاڵ
|
ئەی کوردە ئەگەر ڕوو نەکەیە مەکتەب و سنعەت
|
ڕاتناگرێ هیچکەس چ بە فەڕڕاش و چ حەمماڵ
|
بێ عیلم و ئەدەب تاوەکوو کەی نابینە ئینسان
|
هەر عیلمە کە ئاسن ئەفڕێ بێ پەڕ و بێ باڵ
|
بێ هێزی قەڵەم بێ قووەتی خوێندن و زانین
|
هەر ژێر ئەکەوێ ئاخری گەر بێتە نەوەی زاڵ
|
شاعیر هەیەتی ڕێگە لەمەو لاوە کە بدوێ
|
تاکەی لە خەفەتخانە خزێ مات و کەڕ و لاڵ
|