کوردە بنواڕە کە دنیا چۆن خەریکی سەروەتە
|
ڕەببی تۆ ڕاستۆ نەبی وا ئیش و کارت غەفڵەتە
|
کوردە شەرمی زەند و بابا ئاردەڵانت ناتگرێ؟
|
هۆزی تاریک و درۆزن سوودی دەرد و زیللەتە
|
قونبولەی زەڕی تەیارە و ڕادیۆت دیوە بە چاو
|
تۆ تەریق نابیتەوە ڕەفتارەکەت وەک وەحشەتە
|
گوێ لە یاری پڕ گەزاف و پڕ درۆ مەگرە بە هیچ
|
چوون شەریکی کردنی پیاوی درۆزن نەگبەتە
|
تۆ لەگەڵ هاوتیرەکەت دەس ناگری تا سەرکەوی
|
گەر بە تەنها هەوڵی خۆتە ئارەزوت زۆر زەحمەتە
|
وابزانم وائەزانی جوانی و لووسی بەسە
|
میللەتێ تۆ سەردەسەی بی، قوڕ بەسەر ئەو میللەتە
|
هەر کەسی لافی درۆی لێدا وتی دڵسۆزتم
|
تەجروبەی کە جا ئەزانی، چۆن خەریکی تەفرەتە
|
پرچ و بەرماڵ و سیواک و ڕیش و کەشکۆڵ و عەبا
|
بۆ سواڵن کەی ئەمە ئەسبابی ژین و حورمەتە
|
لاوی کورد خوێندن بخوێنە یەکیەتی و ڕاستیت ببێ
|
جا ئەزانی کێیە قابل تەخت و تاج و دەوڵەتە
|
قانعا هاوار ئەکەی ئەمما چ کەس گوێ ناگرێ
|
زەربی تەمسیلە قسەی بەر ئاگرت بێ قیمەتە
|