ئەم شەڕنامەیەم بۆ گشت گەلی کورد

ئەم شەڕنامەیەم بۆ گشت گەلی کورد (1965)
by مینە جاف
304091ئەم شەڕنامەیەم بۆ گشت گەلی کورد1965مینە جاف

شەڕنامەی شێخ مەحموودی نەمر

ئەم شەڕنامەیەم بۆ گشت گەلی کورد بۆیە نووسیوە تێبگەن ورد ورد
شێخ و گەورەکان لە سەر تۆڵەی کورد بە گیان و بە ڕۆح خەباتیان کرد
جێیان بە شاخۆ یان لە سەری بەرد
ئەی گەل هەر شێخ و هەر بەگ و خان بوون لە ڕێگەی کوردا فیدای گیان بوون
گشت دەس بە تفەنگ ڕۆژی مەیدان بوون یا دەستە بەستی ناوی زیندان بوون
یا بە سەر شاخۆ بێ ئاو و نان بوون
کێ بوو دەربەنی گشت سوور کرد بە خوێن هەر لە چەمچەماڵ هەتا بەر دەربەن
دای پۆشا بە لەش وەک دار و دەوەن خوێنمژی کوردی تیا کرد بە پەن
تا زامار کرا شێری شێر ڕەسەن
کێ بوو لە ڕۆژی بەردەرکی سەرا لە ئاو باریکا وا دەورە درا
لەناو دۆڵێکی بێ پەنا و دەرا نۆ سەعات وەک یەک کەوت لە سەنگەرا
لە ئەرز و ئاسمان تیر باران کرا
چل ساڵ شێخ مەحموود خوێنی کرد بە ئاو هەر لە بۆکانۆ هەتا بەسرە و فاو
ئیستە کوڕێکی پەرچەم دەق دراو بە کڵاوێکی بە حەوت ڕەنگ نەخشاو
کوردە و شێخ مەحموود خوێنمژ بوو بە ناو
خۆ شێخ مەحموودیش خۆی تەنها نەبوو بێ برا و بێ پشت بێ هاوپا نەبوو
بێ بەگ و بێ خان بێ ئاغا نەبوو ساتێ دەرەبەگ لە ئەو جیا نەبوو
بۆیە تا ئەو بوو کورد ئاوا نەبوو
سێدارەم بدەن دەرکێشن گیانم لە یەک جیایی کەن جمگە و ئێسقانم
ئەگەر چوار پەنجە بیوڕن زوانم من ڕاستی ئەڵێم درۆ ناتوانم
ئەم چەن سەردارە بە کورد ئەزانم
ئەوەڵ شێخ مەحموود دارای سێسەد دێ خاوەن قەیسەری و کۆشک وماڵ و جێ
هەمووی جێ هێڵا و چووە سای بەردێ چل ساڵ وەکو یەک وێسیا لە سەر پێ
وەک شێر ئەینرکان ماف کوردم ئەوێ
ئێسماعیل خانیش بە ڕاستی کورد بوو لە ڕێگەی کوردا وا مێشکی ورد بوو
دوکتۆر فوئادیش کوڕێ نەبەرد بوو شێخ سەعیداللە تا بێژی مەرد بوو
شێخ قادر ڕەئیس ڕۆژی نەبەرد بوو
خۆ خالید بەگ و محمد غەزەنفەر کە لە ڕێی کوردا دۆڕانیان سەر
یا یوسف تیا سەرکردەی لەشکر پۆلی نەمردوی شاخی دیاربەکر
ناویان گوم نابێ تا ڕۆژی مەحشەر
مەڵێن وتاری دوور و درێژە زۆر لە سەری ئەڕوات، بە وتووێژە
چی ئەبینم کورد گوڵۆڵەی لێژە دڵ بە وێنەی زام نەشتەر خوێنرێژە
سەرم وەک دەبەنگ بێ هۆش و گێژە


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).