ئەم نەسیحەتەم نووسی لە دەفتەر
|
بیگرە لە گوێ، هەم بیکە لەبەر
|
پەندێکی نافیع ساحێب سەوابە
|
ڕێنمای خێر و چاکە و حیسابە
|
ڕۆڵە پێت ئەڵێم چاک و خۆش خووبە
|
شیرین کەلام بە گەشاوە ڕووبە
|
ڕووخۆش بە چاکە لەگەڵ هەموو کەس
|
لەگەڵ غەریب و فەقیر و بێکەس
|
ڕەحم بە هەتیو، ئەدەب لە گەورە
|
بچووک دڵخۆشکە هەر ئەوە خێرە
|
موکرم بە ڕۆڵە بۆ خۆت بفامە
|
ڕەحم و دڵت بوو عەقڵت تەمامە
|
ئەگەر تاڵیبی نەبی بە ناکەس
|
تەوازع بکە لەگەڵ هەموو کەس
|
فەرموودەی حەزرەت شاهی لەولاکە
|
جەزای خراپە بدە بە چاکە
|
لەگەڵ هاودینا یەک دڵ و ڕەنگبە
|
لەگەڵ بێ عەقڵ کەمدوو بێدەنگ بە
|
لە ڕەفاقەتی هەرزە و هەرزەکار
|
دووربە عەزیزم زینهار سەد زینهار
|
بۆ پەیدا بوونی دوژمن مەکۆشە
|
دۆست پەیدا بکە سڕیان بپۆشە
|
خوڵقی قەناعەت شیرین و بەرزە
|
قەناعە بکە مەبە بە هەرزە
|
کەسێ ئینسان بێ تەکەبوور ناکا
|
هەر وەکوو شەیتان خۆی مەغروور ناکا
|
خۆت دەنی مەکە، مەبە بە دووڕوو
|
هەر وەکوو مەگەز مەنیشە لە گوو
|
ئەگەر وەعدت دا ئەبێ وەفات بێ
|
ڕاستگۆ بە دائیم سەیر و سەفات بێ
|
بە چاوی سووکی مەڕوانە فەقیر
|
فەقیر خۆی نادا بە هەزار ئەمیر
|
دنیای بێ بەقا زۆر بێوەفایە
|
هەر ڕۆژ بۆ کەسێ ئەچێتەکایە
|
زۆر بە تاعەت بەو دەروونت پاک بێ
|
نەزەر قەت مەکە، چاوت ڕووناک بێ
|
ڕۆڵە ئەمین بە خیانەت مەکە
|
ئیسلام بە، تەرکی دیانەت مەکە
|
لە ڕووی باب و داک بێ ئەدەب نەبی
|
با لە ئاخیرەت موعەززەب نەبی
|
قەدری ئوستادت فرە بزانە
|
بێ ئەدەب نەبی ئەخلاقت جوانە
|
ڕەزیلی مەکە زینهار سەد زینهار
|
ئینسانی ڕەزیل قەت نەگری بە یار
|
سەخاوەت بکە چەندت تاقەتە
|
سەخاوەت تۆشەی ڕێی قیامەتە
|
سنعاتێ عەزیز! بزانە چاکە
|
ویجدانت ببێ کردەوەت پاکە
|
ڕووخۆش بە دائیم فەرەح لە دڵ بە
|
لە ڕووی خەڵقا هەر وەکوو گوڵ بە
|
ئیکرامت ببێ لەگەڵ میوانت
|
لەگەڵ دراوسێ و ئەهلی دیوانت
|