ئەوا سووتام لە حەسرەتدا سەبا تۆ بی و خوا ئیمشەو
|
بەڵاگەردانی سروەت بم لە خەو هەڵسە دەبێ ئیمشەو
|
وەرە سەیری کزەی جەرگ و شەرارەی ناو دەروونم کە
|
ئەسووتێم هەر وەکوو قەقنەس بە بێ ئار و هەوا ئیمشەو
|
تەرەححوم کە بە ئەحواڵم ئەتۆ مەحزی ڕەزای باری
|
بچۆرە خزمەتی دولبەر بە بێ چوون و چرا ئیمشەو
|
بڵێ قوربانی غەمزە و ناز و عیشوەی چاوەکانت بم
|
من ئیستە چوومە سەر مەیتی لە کەیلی بێ سەرا ئیمشەو
|
تەماشام کرد ئەسووتێ وا بە دەم گریانەوە ئێژی
|
لە کوێ بێ بۆ منی بەدبەخت دەڵیلێ ئەی خوا ئیمشەو
|
بە مەرگی تۆ قەسەم جانا نەکەی ڕەحمێ بە ئەحواڵی
|
یەقینم هەس ئەسووتێت و بە قابیز ڕۆح ئەدا ئیمشەو
|
ئەگەر ئەمرت هەیە فەرموو لە عەتری زوڵفی عەمبەر بۆت
|
ئیجازەم دە هەتا بیبەم شەمیمێ بۆ دەوا ئیمشەو
|
سەبا گەر بێتو لەو عەترەی لە زوڵف و پەرچەمی داوە
|
نەهێنی بۆنێ بۆم ئەمرم بە بێ دەرزی و دەوا ئیمشەو
|
دەسا هەڵسە بە قوربانی خۆت و سروەی سەحەرگات بم
|
بڕۆ زوو بێرەوە بێری بڵێ مینە دەها ئیمشەو
|