ئەوا ڕووم کردە تۆ، ئەی دایکی موشفق بیست و پینج ساڵە
|
لە غوربەتدا، بە یادی تۆ ئەژیم خوا شاهیدی حاڵە
|
بەیانی دا، نەسیم لای تۆوە هات، بۆنی وەتەن پێوە
|
ئەوا نووسرایەوە پیرانەسەر عومرم لە سەر نویۆە
|
ئەڵێن نەفحەی ژیانی پێوەیە، بادی بەهار وایە
|
بە سروەی بای وەتەن ماوم بەهار و بای لەلام «با» یە
|
«ترین» جووڵایەوە، وا کەوتە ڕێ، باوەڕ بە خۆم ناکەم
|
خەوە یاخود خەیاڵ، یا ڕاستە ئەم حاڵی فەرەحناکەم
|
هەوای تەختی سلێمانی هەیە، بادی ترین، با بێ
|
«بڵا» با بێ، لە «شهبا»بێ، لە «فیحا» بێ، لە «زورا» بێ
|
بە چاوما بێ ئەگەر تۆزێک لە تۆزی بای «سلێمانی»
|
کە نووری توورە توورێک ناهێنێ سوورمەی «سلێمانی»
|
کە با بۆنی گوڵێکی «کانی با» بێنێ لەلام وایە
|
تەڵای کەیخوسرەوی وەک گەنجی باداوەر هەمووی بایە
|
گزنگی خۆر ئەداتە بەفرەکەی شاخی «عمر گدرون»
|
بریقەی خۆشترە لای من لە دوڕڕ و گەوهەری قارون
|
بە ئاواتی ئەخوازن خەڵک تەعامی مائدەی عیسا
|
هەمووی حەڵوا گەزۆیەک ناهێنێ دەستم کەوێ ئیسا
|
شەماڵ دێنێتەگوێم دەنگی مناڵانی قوتابخانە
|
نەشیدی میللیان لاهووتیە قووتی دڵ و گیانە
|
هیوام پێیانە ئەم دەستەکوڕانە مەشخەڵێ هەڵکەن
|
لە تاریکی نەزانیندا بە زانستی وەتەن دەرکەن
|