ئەوی ڕادەکا زوو هەڵئەنگوێ
ئەوی ڕادەکا زوو هەڵئەنگوێ | ئەوی لەسەرخۆ بڕوا ناکەوێ |
یەکێ تا درەنگ نەئەکەوتە ڕێ | بە گورگەلۆقە ئەیویست پێشکەوێ |
کە تۆ نەتوانی لە بان بازبەری | خانەوخان چییە کەوتوویتە سەری؟ |
لەزەتی نیعمەت کەسێ ئەیزانێ | کە داماو بووبێ بۆ پارووە نانێ |
ئەگینە کە هات لە بادی هەوا | بە قێزوبێزێ دەستی بۆ ئەبا |
زۆری پێ ئەوێ ماکینەی دەوران | کە یەکێکی «قاڵ» بێنێتە مەیدان |
بە داری بەرزا هاتی سەرکەوی | دەستت توند بگرە، نەوەک بکەوی |
چێشتت گەرم بێ، ڕاوەستە مەیخۆ | با نەڵێی دەمم سووتا باوکەڕۆ! |
پارووی پەلەپەل بۆت قووت نادرێ | کە لە بین گیرا چاری ناکرێ |
نان لە بین گیرا چاری بە ئاوە | ئاو لە بین گیرا دەرمانی جاوە |
هەندێ خواردنیش چاوی لەدوایە | لە قورگ ئەگیرێ ئەوەی لە خوایە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 789
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|