ئەو پیاڵە مەیەی ساقی بۆت هێنام
ئەو پیاڵە مەیەی ساقی بۆت هێنام | کاتێ خواردمەوە ئاگری تێ بەردام |
ئێستەش هەر سەرم لەوە سووڕماوە | بۆ چ ئاو ئاگری لەمن بەرداوە |
ساقی فیداتم دەروون سووتاوم | بۆ مەزە ماچێ نەدەی فەوتاوم |
زوو دەمت بێنە تێر تێر ماچی کەم | ئەوسا بۆم تێ کە دەم دەم و کەم کەم |
ساقی تۆ کە وا شۆخ و شیرینی | کە دێیتە لەنجە ڕێگری دینی |
جارێ بە عیشوە جارێ بە بادە | حەسرەتی دڵم هەموو بە با دە |
ساقی بەهارە وەک جانی جانان | پیاڵەکەت دانێ و بگرە یەک وچان |
نەختێ تەماشای دەشت و چیا کە | دنیا گوڵزارە بەزمێ بەرپا کە |
نەغمەش شیرینە بە ئاوازی بەرز | دوو بەستەی کوردی بڵێ لە سەد تەرز |
نەک من، دنیایەک دڵی مەحزوونە | با دەرکەین لە دڵ ئەو خەمە دوونە |
جارێ ساقی بە، جارێک دلبەر بە | جارێک موغەننی فەرەح ئاوەر بە |
ساقی دەمێکە یارم تۆراوە | غەمی فیراقم ئێجگار کێشاوە |
ئیمڕۆ تووشت بووم خێرم تووش بووە | هەر بە ئەووەڵ پێک فەرقم کردووە |
ئەگەر ئەمجارە تازەی کەیتەوە | غەمی دووریی یار دوور ئەخەیتەوە |
ساقی ها پارە ئەوە بازاڕە | شەرابێ بێنە بڵێ هی پارە |
بێ غەل و غەش و پەمەیی و ساف بێ | مەقبوولی گەنج و پیر و ئەشراف بێ |
نەشئە شکێنی شەمپانیا بێ | لابەری غەمی هەردوو دنیا بێ |
هێندەم بۆ تێکە سێ ڕۆژ سەرخۆش بم | لارەلار بڕۆم هێندە بێ هۆش بم |
ساقی زەمانی شادی کردنە | سبەی دووسبەی نۆرەی مردنە |
بۆ ئیمڕۆ خۆشە ژیانی مەستی | چونکە ئەبەخشێ هەوای سەربەستی |
1942/04/12
چوارتا
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|