ئەو کەسانەی گاڵتە بەم کوردە بکەن بێجا ئەکەن
ئەو کەسانەی گاڵتە بەم کوردە بکەن بێجا ئەکەن | تەرکی ئادابی مرووەت، فیکری بێ مەعنا ئەکەن |
قەومی کورد ئاساری چاکەی زۆرە، تەئریخ شاهیدە | نەگبەتی ڕووی کردە ئێمە بۆیە ئیستیهزا ئەکەن |
نامدارانی وڵاتمان گەهـ لە شەرق و گەهـ لە غەرب | جونبوشی شێرانەو و تەسخیری بێ هەمتا ئەکەن |
خۆ کەریم خان و سەلاحەددین و شاهانی بەبان | لاپەڕەی تەئریخی کورد وەک کاغەزی بەیزا ئەکەن |
قەهرەمانانی وەتەنمان بۆ بڵندیی خاکمان | مل بە سێدارەی بڵندی تورکی بێ پەروا ئەکەن |
زۆر نییە خۆم دیم ڕژابوو خوێنی لاوانی وەتەن | هەروەکو جۆگا لەبەر دەرکی سەرا حاشا ئەکەن |
ئێمە ئەولادی ئەوانەین تێ بگەن ئەی دوژمنان | حەملەیی شێرانەمان هەر ماوە یاخو ڕائەکەن |
ئارەزووی فەردێکی میللەت وایە بۆ خاکی وەتەن | خوێنی بڕژێ هەروەکو پێشوو شەڕ و دعوا ئەکەن |
ئەی وەتەن بێ غەم بە هەر تۆڵەت ئەسێنن لاوی کورد | عەهدە ناوەستن هەتا ئەم واجبە ئیفا ئەکەن |
خوایە بتبینم وەتەن خاکت بەخوێنی دوژمنت | ڕەنگی سوور بێ چونکە وا فیتنە و جەدەل بەرپا ئەکەن |
موتمەئیننم نامری با جەستەکەیشت خەستە بێ | هەر ئەبێ ئەو ڕۆژە هەڵبێتن کە ئاڵات وا ئەکەن |
1930
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|