ئەو کەسەی کە سەنگ لە خەڵک ئەگۆڕێ
ئەو کەسەی کە سەنگ لە خەڵک ئەگۆڕێ | سینگی نایە گۆڕ، سەنگی ئەگۆڕێ |
تەرازووی ئێرەت ئەگەر سەر نەکا | تەرازووی ئەولات سەرت دەر ئەکا |
نرخمان گرانە و «حوققەمان» سووکە | ئەپاڕێینەوە لای «مەڕنەمووکە» |
مار و دووپشکی دونیا بە زەبرن | بۆ پیاوی زۆردار هاودەمی قەبرن |
بەڵام فایدەی چی؟ ئەمانە بۆشە | ئینسان زۆردارە، زوڵمی لا خۆشە |
ئینسان لە «نیسیان» درووست کراوە | بیری ناو بیری لە بیر نەماوە |
ئەگەر وایش نەبێ هەموو بە عیبڕەت | تەرکی دونیا کەن بکەونە عوزلەت |
هەموو دەبینە فریشتەی تەنیا | هیچ کەس نامێنێ ڕوو بکاتە دونیا |
«هیتلەر» بۆ دونیا، دونیای وێران کرد | بە شەڕ ملیۆنێ خەڵکی لەناو برد |
نایەتە عەقڵی کە ئەویش ئەمرێ | وەک «چەنگیز» ناوی بە خوێنڕێژ ئەبرێ |
وا بڵێین «هیتلەر» بۆ خۆی هار بووە | نازانم خەڵکی بۆچی لە دووە؟ |
بە سەنعەت ئاو و هەوا ڕام ئەکەن | بە وەحشەت دونیا بێ ئارام ئەکەن |
ئەمەندە بە جۆش بۆ شایی ناچن | نەمامی عومری خەڵک هەڵدەپاچن |
ئەوانەی کەوا بۆ شەڕ دەبرێن | بێ گومان خۆشیان تیادا دەکوژرێن |
فەرموودەی خوایە و کردەوەی یەزدان | «لَوْلا دَفْعُ اللَّە» هاتۆتە مەیدان |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 610
1940/11/07
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|