ئەو کەسەی کە لووت لە دۆست هەڵدەکا
ئەو کەسەی کە لووت لە دۆست هەڵدەکا | بێگانە چۆنی باوەڕ پێ بکا |
ئەوانەی بەدی ئەهێننە دی | ئایا لە چاکە بەدی چییان دی؟! |
کەری دێز مەنێ جۆی بۆ نەپێوی | تۆپینی ئەوێ بە زیانی خێوی |
دەستەیەک سواری گەمییەک بووبوون | بە ڕێی دەریادا بۆ مەککە دەچوون |
یەکێکیان شەڕی لەگەڵ «قەپتان» کرد | خستیانە سەربان لە ژووریان دەرکرد |
لە ئەهڵی «واپۆڕ» بووبوو بە دوژمن | ئەی گوت نوقوم بێ «قیریسیا» لە من |
«هیتلەر» چووە سەر قەبری «ناپلیۆن» | وتی: ناوداری تەئریخ چۆنی، چۆن؟! |
ناڵەیەک لە خاک هات بە حەزینی | وتی: وا تۆیش دێی بۆ خۆت ئەیبینی |
لە داخی ئینگلیز من هاتمە گۆڕێ | ئێستا چۆن بە تۆ دونیا ئەگۆڕێ؟! |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 609
1940/10/19
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|