ئەپرسی گەر لە ئەحواڵم نیگارم سوێن بە چاوانت
|
ئەسووتێم هەر وەکوو قەقنەس لە شوعلەی ماهی تابانت
|
ئەناڵێنم وەکوو بولبول لە عەشقی ڕووی گوڵت جانا
|
ئەسووڕێمۆ بە بێ هۆشی لە حەسرەت سەروی بۆستانت
|
تەماشای ناوی جەرگم کە بە تەجرەبە دولبەر
|
بزانە چۆنە ئەحواڵم بە تیری چاوی فەتتانت
|
بە ئوممێدی ئەمەی جەژنە و لە جەژنا کینە نامێنێ
|
ئەوا خۆم خستە بەر پیێ تۆ و دەخیلە دەسم و دامانت
|
نیگارا مەوسیمی جەژنە و نزیکە ڕۆژی ئازادی
|
هەموو کەس عەفو و ئازادە منیش توو خۆتو ویجدانت
|
عەزیزم تۆ حوکمداری و منیش کەمتەر غوڵامێکم
|
بەڕاسی عەیبە بۆ تۆ قین لە گەڵ کەمتەر غوڵامانت
|
ئەوەندە عەرز ئەکەم چاوم لە ڕیێ خوا دا جەفا بەسیە
|
بکە فکرێ بە حاڵی خۆت و ڕۆژی حەشر و دیوانت
|
نیگارا گەر بە ئەحواڵم تەرەححوم تۆ نەکەی ئەمجار
|
بە ڕاسی دۆزەخە جێگات لە گەڵ تەرسایە دیوانت
|
وەها حاڵی مەبە قوربان گوناهبار نیت لە دەرگای حەق
|
كراما كاتبين بۆ من گەواهن وان لە سەر شانت
|