ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بە با ناکەم
|
ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم
|
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم
|
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم
|
لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
|
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم
|
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
|
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم
|
مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
|
کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم
|
وەها غەرقی مەراقی پڕ جەخاری کاری ناپاکم
|
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکی دەردم دەوا ناکەم
|
بە ئوممێدم بە سەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
|
لە دنیادا کە هیچکەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم
|
ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ
|
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی شێخ ڕەزا ناکەم
|
ئەگەر موفتی، یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
|
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لە لا ناکەم
|