ئەگەر دەردم بزانێ، دوور لە ڕووی تۆ ئاهـ چ بەربادم
|
مەگەر ڕۆژی قیامەت لێت بسێنێ دادگەر دادم
|
بەبێ شوعلەی جەمالت گیرەوەی دەستی غەم و دەردم
|
کە ڕووی تۆ ببینم ئەوساتە لە زنجیری غەم ئازادم
|
نەسیحەت مایەی ئازادییە، میحنەت ئەبێ زائیل
|
لە جوانان خۆت بپارێزە وەهای فەرمووبوو ئوستادم
|
ئەگەر عومرێ وەها بێ تیا نەبینم ژینی بێ ژان بێ
|
برادەر تاکوو ماوم شەرتە من لەم عومرە ناشادم
|
لەڕووی نادانی بوو ڕووی تۆم موقابیل ماهـ و پەروین کرد
|
غەڵەت بووم جاهیلم لێممەگرە قوربان فەرموو ئیرشادم
|
ئەمان مردم بەتەنهایی کە تەنها بۆ خوایە و بەس
|
خەفەتبارم بە شەو تا ڕۆژ لە دەردی داد و بێدادم
|
خەرابەی خانەیی جسمم لەسەر ئەمرۆز و فەردایە
|
ئیتر حاجەت نەما بنکەن بکەن دیوارێ بۆ بنیادم
|
کە تۆ دوور بی لە ئەربابی فەساحەت فکرت هەڵنەگرێ
|
حەسادەت بۆچ ئەبەی ئەی بێهونەر بە تەبعی خودادادم
|