ئەگەر دەپرسی باسی ئەو ناوە

ئەگەر دەپرسی باسی ئەو ناوە (1936)
by میرزا حەسەن سەیفولقوزات
309175ئەگەر دەپرسی باسی ئەو ناوە1936میرزا حەسەن سەیفولقوزات
ئەگەر دەپرسی باسی ئەو ناوە حوکمی ئازادی ئیعلان کراوە
حوکمی دەوڵەتە ڕوو قەت نەگیرێ پێچ بپێچنەوە، حیجاب هەڵگیرێ
لایاندا خانمان، چادری ڕەش لەسەر وەک ڕۆژ لەژێر هەور سەریان هێنا دەر
چارشێویان لادا لەسەر گۆنای سوور دەرکەوتن سینگ و باسکی وەک بلوور
نێو سینگ و مەمک و قەد و باڵایان چەند جوان دیارن ئاڵوواڵایان
بەو چلەی زستان، ناخۆش بێ بێتۆ هەرزان بوون سێو و هەنار و لیمۆ
باسک دەرخران، بەرۆک هەڵدڕان قەد باریک کران، کەفەڵ هەڵخڕان
هەروەک ئاسمانە ئەوڕۆ خەیابان ورشەورشیانە مانگ و ئەستێران
چوار چوار و سێ سێ، بە جووت دێنە خوار تاوسن، بازن، شەهێن و شمقار
کەون، کۆترن، قورینگن، پۆڕن مامزن، ئاسکی ناسکی چاوشۆڕن
هەر عەیش و بەزم و شەوق و شادییە وەک حۆرین، بیری مردنیان نییە
پەرچەم لەسەر ڕوو پرش و بڵاون وەک مسک و کافوور تێکەڵ کراون
حەبەش و ڕۆم و زەنگی شەڕیانە زولف و خاڵ و ڕوو، زەدوخوردیانە
لە دواوە دەستەی زولفان سەر بڕان سەر، شانە کران، پەرچەم هەڵکران
بۆ فووتباڵ دەچن، سیرک و تیاتر کچ لە پێشەوە، کوڕان لە دواتر
کچ و کوڕ تێکەڵ، هەروەک شەکر و شیر پیاو و ژن، ژینیان وەک یەک جوان و پیر
وەرزشێ دەکەن، زۆرانێ دەگرن عەیب و عار نییە، نابێ تێک فکرن
باسک ڕاست دەکەن، خۆ دادەنوێنن سینگ ڕەپێش دەخەن، لاقان هەڵدێنن
ئەوجار هەر کەوتن بۆ کوڕ لایقە لە ژێر و لە سەر، هەر ئەو فایقە
ژن و پیاو وەک یەک، زەحمەت دەکێشن فەرەنگی بەوەی لێمە لە پێشن
سیلاح هەڵگیران، سجیل وەرگیران بۆ دوو ساڵ خزمەت بە سەرباز گیران
سەرڕووتی و مەستی، جەڵدی و تەڕدەستی ڕەقس و هەڵپەڕین لە بڵیندی و پەستی
فوتباڵ و وەرزش، بازدان و پەڕش لە خیابان و باغ، سەیران و گەردش
لە دانیشتندا کڵاو نەماوە کڵاوداگرتن لەجێی سڵاوە
ئەوانە چاکن بۆ عەسری حازر ویۆڵۆن، پیانۆ، ڕادوێ و تیاتر
عەبا و عەمامە کەمیان بمێنن مەلایان چیدی خۆیان نەنوێنن
نوێژ و ڕۆژوو و حەج، سەرفیترە و زەکات خەتم و تەهلیلە و خێر و حەسەنات
تەکیە و خانەقا، مەدرەسە و مزگەوت دەرکیان بەسترا، پاکیان پەکیان کەوت
نابینم نوێژ و جومعە و جەماعەت نابییێم بانگ و ئەوڕاد و قامەت؟
کوا حەڵقەی دەرسی مەلای لادێیان؟ کوا دەور و «ئالی بابا»ی فەقێیان
کوا حەڵقەی زیکری دەروێشی غەوسی کوا شوغڵ و خەتمی سۆفی ئوەیسی؟
وا ئیجاب دەکا ئەوڕۆ زەمانە دنیا ئاخری هیچ و نەمانە
تەئریخ هەزار و سێسەد و چاردە دەی مانگە، دنیا زۆر وشک و ساردە


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).