ئەگەر لە نوێژا ڕیا بنوێنی
ئەگەر لە نوێژا ڕیا بنوێنی | خۆت و خەڵک و خوا ئەخەڵەتێنی |
هەندێ کە «زیافەت» بە سەلەم ئەدەن | چاوەڕێی هەلن تۆڵەیێک بدەن |
هەندێ کە میوان نانێکیان ئەخوا | ئەبێ «موسهیلی» بۆ بێ دوابەدوا |
پیاوێ بە پیاوێک ئەڵێ بە تانە | دوێنێ خوشکەکەت چۆتە کارخانە |
ئەڵێ چۆن؟ بەڕاست ئەمە دێتە دی؟ | ئەڵێ ژنەکەم بە چاوی خۆی دی |
قەدری مانگ نییە تا دەگاتە شەو | گەرما ئاوی سارد ئەخاتە برەو |
بەنیادەم زادەی «قەترەمەنی»یە | کە کەوتە ڕووی کار «هەزار مەنی»یە |
بە بایەک هەموو عەیشی بەبایە | کە کەوتیشە ئاو وا لە خاکایە |
ئەوی ئەزانی بۆت ناچیتە خاک | مێردی ژن ئەیبا، بیخۆ بە بێباک |
کوڕت جاهیل بێ ڕەنجت بە بادە | میرات میقرۆبی شەڕی ئەولادە |
بە ڕەنجی شانی خۆت بژی بەستە | پارەی میراتی وەک چڵکی دەستە |
قومار لە هەموو فیعلێ بەدترە | «مەحبووبە» و «شەراب» بەلەزەتترە |
کە بیبەیتەوە قەدری نازانی | لەگەڵ دۆڕاندت دڵ پڕ لە ژانی |
ئەم پەندە خەرجی پیاوی فەقیرە | دەوڵەمەند لە کوێ ئەمەی لە بیرە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 607
1940/08/29
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|