ئەی بەهەشتی ڕوو بە حەققی ئەو جەماڵ و شێوەیە
|
ئیلتیفاتێ کە، بە چاوی تۆ کە عەقڵم لێوەیە
|
ئەی مەسیحالەب بفەرموو دەفعی ئازارم بکە
|
مەڵحەمی زامی دڵم مەعلوومە ئەو دوو لێوەیە
|
تا لە باغی ڕوویی تۆ عەناب و سێوم دی بە چاو
|
دڵ نەخۆشە هەر خەیاڵی ئەو عەناب و سێوەیە
|
مەیل ئەفەرمووی تێبگەی ئەحواڵی دەردم دوور لە تۆ
|
هەر سەری موویی وجوودم سەد برینی پێوەیە
|
زوعفی قەلبی ئێمە دەرمانی بە لوقمان ناکرێ
|
چونکە موشتاقی گوڵ و گوڵزاری حوسنی ئێوەیە
|
تا بە لەفزی نەرم و شیرین ماهڕوو بانگم نەکا
|
هەر وەکوو فەرهاد ڕەنج و مەسکەنم ئەو کێوەیە
|
چیم بەسەر دوختوور و ئەجزاخانەوە ئەی گوڵبەدەن؟
|
چونکە دەرمانم گوڵی گوڵزار و حوسن و شێوەیە
|
سابیری بیمار و دڵسووتاوی دووری دولبەرە
|
هەر بە داخی پوڕتەقاڵ و ناسکە هەرمێوەیە
|