ئەی خاکی وەتەن قوڕ بە سەر و بێ سەر و پا خۆم

ئەی خاکی وەتەن قوڕ بە سەر و بێ سەر و پا خۆم (1953)
by قانع
307085ئەی خاکی وەتەن قوڕ بە سەر و بێ سەر و پا خۆم1953قانع
ئەی خاکی وەتەن! قوڕ بە سەر و بێ سەر و پا خۆم بۆ بێ هونەری ئەهلی وەتەن، شێتی جەفا خۆم
جێ ماوە وەتەن، بۆ وەتەنم غەرقی فەنا خۆم پەستر لە هەموو هاوسەر و هاوماڵ و برا خۆم
دوور کەوتە و ئاوارە لە هەر سەیر و جەفا خۆم
ئەی خاکی وەتەن بۆ چی نەما غیرەتی شێران؟ ئەی خاکی وەتەن بۆ چی نەما بەزمی دلێران؟
کوا سەڵتەنەتی عێلی بەبە و شاکەل و شیروان؟ بۆ مسڵەخی پڕ خوێنی ئەسیران و هەژاران
دەک لاڵ و کەڕ و کوێر و کز و شێخ و مەلا خۆم
ئەی کاغەزی تەرفیعی وەتەن! بۆ چی دڕاوی؟ ئەی ڕەونەقی بازاڕی وەتەن! بۆ چی نەماوی؟
ئەی خەنجەری شێرانی وەتەن! بۆ چی شکاوی؟ ئەی خاکی وەتەن! چونکە وەها خەستە کراوی!
گەر شینت نەکەم، ڕووڕەشی دیوانی جەزا خۆم
بۆ سەر کزی ئەم هۆزە دڵ و جەرگ برینە بۆ شینی وەتەن، چاوی خیرەد پڕ لە گرینە
بێ شێریە ئەمڕۆ کە وەها بێشە حەزینە نووری بەسەری ئەهلی هونەر تانەیی شینە
بێ ئالەت و شمشێر، لە مەیدانی وەغا خۆم
ئەی خاکی وەتەن بۆ چی وەها کوێرە وەجاخت؟ پەژموردە و بێ ڕەنگە، هەموو چیمەن و باخت؟
پڕ لە ستەم و جەورە یەقین، دەربەن و شاخت ئەی خاکی وەتەن! وێردی شەو و ڕۆژە لە داخت
بۆ بێ کەسی ئەم خاکە، دەسا بەندی بەڵا خۆم
قانع! وەرە ئەم جارە، دە غەوغایێ بە پا کە بۆ خاکی وەتەن فەرزە بە دڵ ڕۆح بە فیدا کە
پیراهەنی بەدناوی، بە نامووسی کەوا کە سەف بگرە بە کوردان و لە چۆپیوە سەما کە
ئەو وەختە بڵێ خاوەنی هەر بەزم و هەرا خۆم


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).