ئەی خودایە من لە تۆ ئەلتاف و ئیحسانم ئەوێ
|
دەفعی جەهلی میللەتی کوردی پەرێشانم ئەوێ
|
بۆ هەژاریی کوردەواری وا پڕاگەندە و زەبوون
|
یەکیەتی و سەربەستیی و ئەخلاق و ویجدانم ئەوێ
|
تا نەمێنێ باری جەهلی فەردی میللەت یەک بەیەک
|
ڕێگەی ڕاست و حەقیقەت، عیلم و عیرفانم ئەوێ
|
لەم جەوانانە کە وا هاتوونە سەر ڕووی نیشتمان
|
چەرچل و ڕوزفلت، ئەتاتورک و ڕەزاخانم ئەوێ
|
چونکە وابێ نەشئەیە خاکی وەتەن، پڕ زیللەتە
|
زەمزەمەی فەسڵی کەریم خان، دەوری بابانم ئەوێ
|
دەردی کورد زۆر بێ دەوایە باعیسی فەوتاندنە
|
ئەی خودایە بۆ دەوای ئەم دەردە، دەرمانم ئەوێ
|
ئەی ڕەفیقان گشت وەرن هەوڵێ بدەین تا سەرکەوین
|
لاوی زیرەک، کوڕی ئازا، شێری مەیدانم ئەوێ
|