ئەی درهەم و ئەی دینار
ئەی درهەم و ئەی دینار | تاقانەی کۆشک و تەلار |
هێزی بەردڵی هەژار | شەمامەی یار و ئەغیار |
هەڵسووڕانی ئیش و کار | لە خۆتان دێ بێ ئازار |
شیرینیی ئێوەی نازدار | کێوی دێنێتە ژێر بار |
من ناڵێم دووسەد هەزار | بەڵام دیناری شینکار |
کە ڕووی تێ کردی یەکجار | ئەتبا دیارە و دیار |
ئینسانێکی نالەبار | هیچ نەزان و بێ دەمار |
هەروەک ئەفەندیی ناوشار | بۆت ئەکا بە خوێندەوار |
هەر پارەیە بێ شومار | ئەیبەخشن میر و توجار |
بۆ ژیانی بێ غوبار | قەڵایەکە پڕ نیگار |
دوژمنێکی هەرزەکار | کە ژینت لێ بکا تار |
بۆی بەرە وەکوو سەردار | ئیتر ئەژیت بەختیار |
ئەی دەوڵەمەندی ناودار | پێی ڕابوێرە بە ویقار |
بەڵام وریابە جار جار | لای خوا نەتکا شەمەزار |
ئەی گەنجی لە گیان بێزار | ژیر بە و بەهۆش و بەکار |
پارەی خزم و کەسوکار | نەتبا بۆ کۆڕی قومار |
ئەی بەختیاری لاسار | لای زۆربەی خاوەن ئەفکار |
ئەمڕۆ پاوەن و دۆلار | بوونە سەرچاوەی ئەسرار |
1950/09/02
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|