ئەی دڵبەری قەد عەرعەری سەرداری هەموو شۆخ
|
مەحبووبی هەموو عالەم نازداری هەموو شۆخ
|
یەک نوکتە لە ئەسراری نەزاکەت بنوێنە
|
وەک بەختی ئەمن ڕەش بکە بازاڕی هەموو شۆخ
|
تۆ دڵبەری عەییاری لە بازاڕی تەماشا
|
باجگیری لە هەر سەڵتەنەت و باری هەموو شۆخ
|
تیری نیگەهی چاوت ئەگەر مەیلی عەدەم بێ
|
وێرانی ئەکا یەک نیگەهت شاری هەموو شۆخ
|
ئوستادی قەدەر ڕەسمی قەدی تۆیە لە دەسیا
|
بۆیە کە وەها لەت لەتە پەڕگاری هەموو شۆخ
|
زوانەی گڕی دووریتە دڵ و جەرگمی سووتان
|
بێ باکە دڵم بۆ شەڕەی ناری هەموو شۆخ
|
مەستانە سیفەت ڕوو ئەکەمە چۆڵ و بیابان
|
خۆم دوور ئەخەمۆ ئەمڕۆ لە ئاساری هەموو شۆخ
|
بێ تامە برا شیعری من و نیکتەیی قانع
|
بازاڕی نەما دەفتەر و ئەشعاری هەموو شۆخ
|