ئەی دڵ ئەگەر بەڕاستی ئیتاعەی خودا ئەکەی
|
موتابەعەی شەریعەتی حەزرەتی موستەفا ئەکەی
|
فەڕزی خوا و سوننەتی حەزرەتی موستەفا بکە
|
تەسەووری لە داستانی ئادەم و حەوا ئەکەی
|
ئەگەر ئاگر ئەهاوییە دڵ و ئەبیتە هاوییە
|
و ما ادراك ماهيه بە دەست و پێ سەما ئەکەی
|
شەو بە کلیلی زیکرەوە تا بە سەحەر بپاڕەوە
|
گەر تەڵەبی خەزائینی مەراحیمی خودا ئەکەی
|
سەماوەری دەروونی خۆت بە ناری عەشق بهێنە جۆش
|
شەککەر و چایی حازرە سابیری مەیلی چا ئەکەی
|
نییەت و حوسنی کردەوە فیکری نیهان و زیکری سڕ
|
وەرنە خودا بە تەپڵ و دەف ناخەڵەتێ ڕییا دەکەی
|
یادی خودا ئەگەر ببی مەیلی گوناهـ کەی ئەکەی
|
دووری لە ئافات و بەڵا، خەڵق و خودا ڕەزا ئەکەی
|
فیکری خودا دەلیلی تۆ زیکری زوبان کلیلی تۆ
|
ڕوو بکە بابی مەرحەمەت تا هونەرێ پەیا ئەکەی
|
ژەنگ و غوباری قەلب و ڕوو، چڵکی لیباس و دەست و پا
|
بشۆ! بشۆ گەر هەوەسی مەجلیسی پادشا دەکەی
|
ئەگەر شەوێ تەفەڕڕوجێ بکەی لە سونعی کردگار
|
عەزیزی من لە گورگی خەو میسالی مەڕ هەڕا ئەکەی
|
خودا نەزەر لە حوسنی نییەت و دڵی بەشەر ئەکا
|
چاکە نیشانی خەڵک ئەدەی خەراپە ژیر پا ئەکەی
|
خەشیەت و خەوفی زولجەلال عەشق و حوبی موستەفا
|
تا نەچەقێ لە سینە کەی موخالەفەی هەوا ئەکەی
|
تێبگە عز من قنع لادە لە ذل من طمع
|
حاسڵ ئەکەی ڕەزایی حەق، حەق لە بەتاڵ جودا ئەکەی
|
عەشقت ئەگەر حەقیقەتە مەناڵە گەر شەقیقەتە
|
وەرنە مەجاز و بیدعەتە سابیری هووی و ها ئەکەی
|