ئەی دڵ وا دیارە باوت نەماوە
|
کەیفەکەت ڕیشەی لە بێخ کێشاوە
|
بە یەکجار سووریت لە ڕوو بڕاوە
|
دەڵێی کۆترێکیت باڵت شکاوە
|
تو خوا پێم بڵێ چیت لێقەوماوە
|
ئەی دڵ دەبدەبە و دەزگاکەی جاران
|
پۆلی یەکگرتووی بێ خەمی یاران
|
بەزم و دیوانی میر و سەرداران
|
تەرفەنەی کام لان وان لە کام شاران
|
چییان بە سەرهات دەنگیان نەماوە
|
ئەی دڵ کۆمەڵی یارانی ناودار
|
سام و شەوکەت و زەمزەمە و ویقار
|
نەوەی سەرداران وە ناز و نازار
|
ڕاستم پێ بڵێ کەوتنە کام دیار
|
بۆ لە گشت لایێ شوێنیان بڕاوە
|
دەنگی هات هاتی قوشچی ڕاوەباز
|
شریقەی بڕنەو شوێن گەلی بەراز
|
کۆڕەی کە حێلەی ناو سوپا و ڕێواز
|
هاڕەی شام ڕەخت و درنگەی تەپڵی باز
|
ڕۆیین بە بێ شوێن سەریان نەداوە
|
ئەی دڵ حەلقەی بەزم قەومان و خوێشان
|
تیپ و سوپا و سان لەشکر ڕاکێشان
|
دەستەی تورمە پۆش دایم لە دیوان
|
شۆڕە سوارانی شێری ڕووی مەیدان
|
گوم بوون و چوون و باویان گۆڕاوە
|
ئەی دڵ کۆمەڵی یارانی سەربەرز
|
کۆنگرەی شادی و خۆشی لە سەد تەرز
|
دیوانی شەوان بێ ترس و بێ لەرز
|
دەنگی گیرودار سەردارانی مەرز
|
بۆیە گشت ڕەنگی ناویان کوژیاوە
|
ئەی دڵ ئەو دەورە دەورانی تۆ بوو
|
دەوری دڵخۆشی و سەیرانی تۆ بوو
|
ڕۆژم زەمزەمەی خوێشانی تۆ بوو
|
هەر ئەو سەردەمە مەیدانی تۆ بوو
|
بە خوا ڕویشتوو نایەتە دواوە
|
ئەی دڵ ئەو شادی و سەفا ئە کوێ چوو
|
ئەو خۆشی و سەیر و ڕەفا ئە کوێ چوو
|
ئەو شەرت و قەولە و وەفا ئە کوێ چوو
|
ئەو دەورەی دوور لە جەفا ئە کوێ چوو
|
لە لای ئێمە ڕۆی کەوتە کام لاوە
|
ئەی دڵ ئێستە کە ڕوو لە خودا کە
|
ڕوو لە بارەگای لای بێ هەمتا کە
|
بە ناڵەی دڵەی شەفەق داوا کە
|
گرد بوونەوەی گەل تۆ تەمەننا کە
|
بڵێ گشت شاد بن لە جێگا و ماوە
|