ئەی سەبا ئەی مەحرەمی ئەسراری جەمعی عاشقان
|
ئەی سەبا ئەی مەڵهەمی زامی بە سۆی خوێنی دڵان
|
ئەی سەبا ئەی قاسدی عوششاقی سەرگەشتەی فیراق
|
ئەی سەبا ئەی پەیکی ئەفراح مەقدەمی وەعدەی بەیان
|
ئەی سەبا دافیعی ئیش و خەمەکەی ئەوگاری دەرد
|
ئەی سەبا ئەی باوەشێنی گەرمەیی دڵ ئاگران
|
وا بە شوعلەی ئاگری دووری ئەسووتێ جەرگەکەم
|
تو خوا هەڵسە لە خەو ئەم سوبحە بەر لە گشت بەیان
|
خۆت موعەتتەر کە لە گوڵشەن تۆ بە ئەنواعی گوڵاو
|
پاش ئەوە عەزمی سەفەر کە پشت بە قووەی لامەکان
|
زوو بڕۆ تو خوا دەخیلت بم مەوێسە لەحزەیێ
|
تا دەچیتە گردە سەوز و وارگەی ناو تاوێران
|
تۆ بچۆرە بەرزەبانی پاینی یاڵە دڕێژ
|
چوویتە ئەوێ بڕوانە دیارە لێتەوە ڕەشماڵەکان
|
سەیر ئەکەی وا میرەماڵێ وا لە خواری خێڵەوە
|
ڕوو بکە ئەو ماڵە بێژە ئەسسەلام ئەی قبلەمان
|
ئەسسەلام ئەی مەهوەشی تازە ڕەسیدەی موشک بۆ
|
ئەسسەلام ئەی باغچەیی سەر باشقەیی باغچەی گوڵان
|
ئەسسەلام ئەی تاووسی جوێباری جەننەت ئەسسەلام
|
ئەسسەلام ئەی نووری هەر دوو دیدە و ئارامی گیان
|
ئەسسەلام ئەی دووریەکەت مایەی خەم و ئێشی دڵم
|
ئەسسەلام ئەی هاودەمیت دەرمانی ئێش و دەردمان
|
جا لە ڕاس ئەو میرەماڵە تۆ بچۆرە خوارەوە
|
چوویتە بەر قاپی دەخیلت بم بویتە ئەل ئەمان
|
پرس کە بڕوانە لە خەو هەڵساوە یا خۆ نووستووە
|
نەک خەوی بشکێنیە چاوی نووری هەر دوو دیدەمان
|
گەر لە خەو هەڵسی وەکوو ڕۆژ دیارە ناشارێتەوە
|
چونکە وەک خۆر شەوق ئەدا ڕووی لە ناوی چیخەکان
|
ئەو دەمەی هەڵسا لە خەو بێ دەنگ بچۆرە ژوورەوە
|
خاکی بەر پێی ماچ بکە بیماڵە ئەو گردە بە زوان
|
پێی بڵێ عەرزی بکە ڕوویی تۆ کەعبەی دڵم
|
وا لە دەوری سەروی باڵات هێند پەشێوە حاڵمان
|
ئاگری تێ چووگە مینە چی ئەکا ناکۆژێتەوە
|
شێت و عەوداڵە دەسوزێت وا لە کێو و هەردەکان
|