ئەی سەبا توبی و خوا ئارامی گیانم وا لە کوێ؟
|
پێم بڵێ وا سووتیام ڕۆحی ڕەوانم وا لە کوێ؟
|
دوور نییە ڕۆحم دەرێ موژدە دەری سوبحی سەحەر
|
بمدەرێ موژدە ئەزانی دڵستانم وا لە کوێ
|
دڵ لە حەسرەت دەردی دووری وەختە ئاری تێ بچێ
|
ئەی نەسیم پێم بێژە نووری چاوەکانم وا لە کوێ
|
لەو دەمەی چەشتوویە زەهری ماری دووری ڕۆحەکەم
|
داڕزاوە دڵ تەبیبی میهرەبانم وا لە کوێ
|
وەک کەتان توێ توێ ڕزاوە پارەپارە جەرگەکەم
|
پێم بڵێ پەیکی سەحەر دیدە فەتانم وا لە کوێ
|
قەت مەکەن مەنعم دەسووتێم گەر وەکوو پەروانە من
|
یا وەکوو قومری دەڵێم سەروی جینانم وا لە کوێ
|
دڵ بە غەمزەی چاوەکانی مینە جاف گیرۆدەیە
|
بۆیە ڕۆژ و شەو ئەڵێم ئەبرۆ کەمانم وا لە کوێ
|
***
|
باغەوان کوانێ گوڵی خەندان و کوانێ یارەکەم
|
کوا نیگاری ماهڕوو کوانێ گوڵی گوڵزارەکەم
|
کوانێ باڵا سەروی قەد عەرعەری ئاهووی میشک بۆ
|
کوانێ سەردەستەی گوڵان کوا مەهوەشە گوڵ پارەکەم
|
پێم بڵێ توبی خوا بۆ کوێ چوو یاری نازەنین
|
باغەوان هەر تۆی کە ئەمڕۆ مەحرەمی ئەسرارەکەم
|
ڕووی لە کوێ کرد پێم بڵێ کوا حۆرییی باغی ئیرەم
|
وا لە کوێ شابازی شەهلا سەیدی دڵ ئازارەکەم
|
وا لە کوێ تاووسی ڕەخشان کوانێ پەرچەم پڕشکەن
|
وا لە کوێ شەمسی درەخشان وا لە کوێ نازارەکەم
|
وا لە کوێ فیتنە نیگا پێم بێژە کوا لێمو زەقەن
|
کوانێ ڕوومەهتابی ڕەخشان ئاسکەکەی تاتارەکەم
|
پێم بڵێ بۆ کوێ چووە ئیستاکە توخوا باغەوان
|
مەسکەن و ماوای لە کوێ بێ دولبەرە دڵدارەکەم
|
وا لە کوێ پێم بێژە توخوا کوا نیگاری ماهڕوو
|
باغەوان ئارم ئە دڵ چوو کوانێ چاو بەخومارەکەم
|
وا لە کوێ گەردەن بلوور و وا لە کوێ ئەگریجە خاو
|
وا لە کوێ سیمین جەمین چاو نەرگسە بیمارەکەم
|
وا لە کوێ شیرین و دڵکەش ئاهوویی دەشتی خەتا
|
وا لە کوێ تووبا قیافەت کوا کەوە خاڵدارەکەم
|
وا لە کوێ قومریی گوڵستان کوانێ لەنجەی دڵستان
|
وا لە کوێ حۆریی ئیرەم نەیشەکەری جۆبارەکەم
|
وا لە کوێ ئەبرۆکەمان و وا لە کوێ برژانگ سینان
|
وا لە کوێ غەمزەفەتان و وا لە کوێ عەییارەکەم
|
گەر ئەپرسیت مینە ئاسا باغەوان، دوور بێ لە ڕووت
|
وام لە حاڵی مردنا بۆ دولبەرە دڵدارەکەم
|
***
|
ئەی دڵا بێ غەم بە سەبرت بێ نیگارت تێتەوە
|
باغەوان دێیژێ بە زوودی گوڵعوزارت تێتەوە
|
هیچ لە غەم دەرنایێ لای من تەوەککول چاکترە
|
ئایەتی ان مع الـ بورهانە یارت تێتەوە
|
سەربەخۆ ناڵێم بە تۆ ئەی دڵ نەوییەم پێ ئەدەن
|
هەر کەسێ دێ پێم ئەڵێت سەروی سەلارت تێتەوە
|
زوو بە زوو ڕۆژێ ئەبێت دڵ خۆش ببم بەم موژدەیە
|
پێت بڵێن موژدە سوبەی دیدەخومارت تێتەوە
|
غەم مەخۆ بێ مایەیە ئەی دڵ سەبووری چاترە
|
هەر لە حەق داوا کە تا سەروی سەلارت تێتەوە
|
بەحری ئەلتافی خوا بێ ئینتهاس بۆ خاس و عام
|
گوێ بدە لاتقنطوا ئاهووی تەتارت تێتەوە
|
پێم ئەڵێن مینە لە بەر چی غەم ئەخۆن تەئمین بە تۆ
|
مەڵهەمی زامی دەرد و ناوجەرگی زارت تێتەوە
|
***
|
بۆچ نەهات هێزی دڵ و ئارامی گیانم بۆچ نەهات
|
بۆ نەهات نووری بیناییی چاوەکانم بۆ نەهات
|
بۆ نەهات تووبا قیافەت سەروی گوڵزاری ئیرەم
|
دولبەری قەد نەیشەکەر ڕۆحی ڕەوانم بۆ نەهات
|
عەرعەری گوڵزاری جەننەت نەونەمامی میسک بۆ
|
تاووسی فیردەوسی ئەعلا حوور جنانم بۆ نەهات
|
لێو وەکوو غونچە لەتیف و پەمبەیی و سوور و سپی
|
گەوهەری شەهلا و شەمسی ئاسمانم بۆچ نەهات
|
دەم قوتووی گەوهەر چەند نارنج و خاڵ میشکی خەتا
|
مەم هەناری گوڵ بەدەم شۆخی جیهانم بۆچ نەهات
|
ئاهوویی دەشتی خەتاو و قومریی شیرین خەرام
|
شەهریاری دڵ ستانی دڵ ستانم بۆچ نەهات
|
دافیعی ئەفغان و ناڵە و شەربەتی تەسکینی دڵ
|
مەڵهەمی جەرگ و برینی زامەکانم بۆچ نەهات
|
هەر وەکوو مەجنوون دەپلکێمۆ بە دەرد و ئێشەوە
|
مینە جاف دێژم کە لەیلی کویستانم بۆ نەهات
|
***
|
ئەی دڵی غەمدیدە موژدە کۆچی یارم هاتەوە
|
مەڵهەمی زامی دەروونی پڕ لە خارم هاتەوە
|
شەمسی خاوەر وا لە بورجی خۆی توڵووعی کرد ئەڵێن
|
گوڵ بە دەن فەندۆق دەهەن لالەعوزارم هاتەوە
|
ڕۆح بکە شاباشی بەر پێی ئەی دڵا بەم موژدەیە
|
بۆ شکاری سەیدی تۆ بازی تەوارم هاتەوە
|
زامی دڵ سارێش ئەبێتۆ داغی دووری دەفع ئەبێ
|
بۆ شیفای دەردم تەبیبی ماهوارم هاتەوە
|
نەوگوڵی باغی حەیاتم لەعلی ڕوممان لێوەکەم
|
مایەیی کەیفی دڵم دیدە خومارم هاتەوە
|
قەد وەکوو شمشاڵ و قامەت عەرعەری باغی بەهەشت
|
مەهوەشی سیمین جەمین ئاهووی تەتارم هاتەوە
|
زولف وەکوو سونبول پەشێو و خاڵ وەکوو موشکی خەتا
|
مەم هەناری گوڵ بەدەم دێژی نگارم هاتەوە
|
ڕوو گوڵ و چاو نەرگسی شەهلا و ئەبرۆ وەک هیلال
|
سێوزەقەن، سیمین بەدەن، میهری دیارم هاتەوە
|
حاکمی ئیقلیمی حوسن و ئەفسەری شۆخی جیهان
|
ئەفزەلی مەحبووبی دەوران تاجدارم هاتەوە
|
تیپی موژگان، فەوحی عەسکەر، شیردەسی ئەبرۆیی مەس
|
بۆ ئەمیری خوتتەیی دڵ، شەهریارم هاتەوە
|
مینە دڵشادم دەکەن بەم موژدەیە گۆیا نیگار
|
هەر وەکوو شاهینی تەرلان بۆ شکارم هاتەوە
|
***
|
ئەی دڵا هەڵسە بچین خێر هاتنی جانانە کەین
|
نەک بە پێ بەڵکوو بە سەر ئەم ڕێگەیە پێوانە کەین
|
بێرەوە ساز و بە زوو چیت کەوتە دەس لەم شێتییە
|
تەرکی ڕەویەی چۆڵ پەرەستی و شێوەیی دێوانە کەین
|
باعیسی شوکر و سەنایە خەم کە هاتە ئینتیها
|
واجبی ئێمەس کە زوو دەرمانی ئەم دەردانە کەین
|
موددەتێکە بووین بە جێی ئەفسانە و لۆمەی وڵات
|
ڕێکەوە با قەتعی واتەی ناسزا و تانە کەین
|
مینە ئاسا با بچین ئەی دڵ بە پیری یارەوە
|
دەم بە دەم شوکری خوا تەهلیلەیی ئەم زوانە کەین
|