ئەی شافیعی ڕۆژی مەحشەر، دەستی من و دامانی تۆ
|
ڕوو سیاهـ و پڕ گوناهم دێمە حزوور دیوانی تۆ
|
تۆ مەحبوب و هەم ئەقدەسی، من ئەسیم و شەرمەزار
|
غەرقی بەحری مەعسیەتم دەخیلی تۆم ئامانی تۆ
|
شیفای دەردم لە لای تۆیە ئەی ڕەحمەتەن للعالەمین
|
خۆت ئەزانی و چارە سازی دەردی من و دەرمانی تۆ
|
نییە شیفای دڵی زارم، ڕوو سیاهو بێ قەرارم
|
مەگەر بۆ خۆت بکەی چارەم یا پادشای گەیلانی تۆ
|
دڵ حەزینم هەر وەکوو نەی بۆ فیرقەت ئەناڵێنێ
|
ئینتیزاری لوتفت ئەکەم، عاشقی تۆم حەیرانی تۆ
|
من عاشق و حەیرانی تۆم، ئەی سەیدی مەولای من
|
دەرکراوو دەربەدەرم لەسەر خوان و ئەیوانی تۆ
|
لە دیوانی ئیتاعەتا مەزڵووم کوێری بێ گۆچانە
|
ڕێنما و عەسای دەستم لوتفی تۆیە و ئیحسانی تۆ
|