ئەی فلس ڕۆحی ڕەوانم تۆی پەنا و پشتی هەژار
|
دەستگیریی عالەمی مردوویش ئەخەیتە ئیش و کار
|
نەک منی پەڕگەندە وا ئەمڕۆ کە زانیم قەدری تۆ
|
زاهیدیش بۆ تۆیە بیللاهی کە وا ئەخزێتە غار
|
من لە ئەشرافیش ئەپرسم پێم ئەڵێ خاکت بە سەر
|
بێ فلس ناچێ بە فلسێ سەد شەرەف سەد بوونی پار
|
چاکە بمبەخشی لەمەوبەر نەمئەزانی قەدری تۆ
|
ئێستە تۆم ناسی کە خۆم بینی لە هەر کووچە و کەنار
|
چەندە بێ بایەخ لەمەوبەر تۆی هەبوو ناوی نەبوو
|
بۆت حیساب کەم ئێستە ئەشرافن هەتا دووسەد هەزار
|
هێزی تۆ گەر پشتیوان و یارمەتیدەر بێ ئەکا
|
حوکمی میر و بەگلەر و ئاغا لە دێهات و لە شار
|
ئەی فلس لای هەرکەسێ بی هەروەکوو لێفەی خەوی
|
دایئەپۆشی گەر ببێ عەیبی بە خەروار و تەغار
|
ئەی فلس تۆ حیلەشەرعیت خستە ناو مەیدانەوە
|
دەس لە قانوونیش ئەکێشی وەک تریفە جاربەجار
|
گەر بچیتە باخەڵ و گیرفانی تێر سەیرت بکا
|
ڕاست و ڕێکوپێکە پیرێکی قەدیمی چەوت و لار
|
گەر نەبی لای گەنجی تازەی پێگەیشتوو بێ گومان
|
وەک فەنەر ئەشکێتە یەکسەد قامەتی هەروەک چنار
|
ڕادیۆ و ئاو و گڵۆپ و باخی حەوشت پێ ئەکەن
|
ڕاستە هاوینیش ئەگۆڕی سەوز و فێنک وەک بەهار
|
هەر کەسێ تۆی بێ نەجیب و خانەدانی پێ ئەڵێن
|
وەک ئەرەستۆ تۆی دەوابەخشی نەخۆش و شێت و هار
|