ئەی فەڵەک بۆ کورد خوێنەخۆی تۆ بوو
بۆ لافاوی سلێمانی و قزرەبات و قەرەخان و ئەرکەوازی و بوومەلەرزەی کرماشان و هەمەدان
ئەی فەڵەک بۆ کورد خوێنەخۆی تۆ بوو | برا کوشتەی تۆ و کینە جۆی تۆ بوو |
بۆ چی هەر وەکوو دوژمنی خوێنی | بە هەموو ڕەنگێ ڕیشەی دەربێنی |
خۆ سلێمانی فەخری کوردانوو | ئامان جێی هیوای گشت کوردزوانوو |
بۆ بە شەپۆلی لێڵی لافاوت | کاولی ئەکەی دەک کوێر بێ چاوت |
ڕەببی ناو دڵت لەت کرێ بە تێخ | ڕەببی ناو دڵت لەت کرێ بە تێخ |
پاش سلێمانی شاری قزرابات | بۆ چیت کاول کرد بۆ ڕیشەی دەرهات |
پێم بڵێ ئەی چەرخ ئەمە ویجدانە | ئەمە قانوونی ئەهلی ئیمانە |
لە هەوەڵ شەوی چل شەوەی زستان | لە جۆشی سەرما و یەخ و یەخبەندان |
تۆ پێنج سەد ماڵی شاری سەعدییە | کاولی ئەکەی لە پێو جێی چییە؟ |
داڵدەیان ئەکەی بە خەیمەی نایلوون | موحتاجیان ئەکەی بە قەسپ و سەموون |
دوو سەد ماڵی تر لە ئەرکەوازی | بەم سەرما و سۆڵە ئەشێوێ نازی |
دوو سەد ماڵی تر لە قەرەخانا | گشت هەڵ ئەتووتێن لە بەر بارانا |
نوغرۆیان ئەکەی بە سەیل و لافاو | ماڵ و منداڵیان ئەخەیتە سەر ئاو |
لە خاوەر زەمین ئۆلکەی کرماشان | سەرحەدی سەقز هەتا هەمەدان |
کاولی ئەکەی تۆ بە زەلزەلە | ئەیاندەیتە بەر شەق و شەپازلە |
حەوت هەزار ماڵی کوردی بێچارە | ماڵ وێران ئەکەی ڕسوا و ئاوارە |
لە گشت لایەکۆ زایەڵە و ڕۆیە | شیوەنی مەرگی نەمامی نۆیە |
ئە هەر کوێ ئەچم لاشەی جوانانە | یا لە ژێر دیوار یا لە قەبرانە |
چەند کچی تری شۆڕی شۆخ و شەنگ | ڕوومەت پەڕەی گوڵ لێو لەعلی فەرەنگ |
لە شیرین خەودا دیواری خانۆ | کەوت بە سەریانا و لە ژێریا مانۆ |
چەن خانەوادەی خان و خانزادە | چەن گەورە ماڵی میر و بەگزادە |
هەمووت کاول کرد نەما ئەساسی | ساحبی وێڵ بوو مرد بە کەساسی |
سێ هەزار کەست کردە ئاوارە | پەنایان بن بەرد یا بەر موغارە |
خۆت ئینساف بدە ئەی چەرخ تو خوا | ئەم جەورە کە تۆ کردت کەس ئەیکا! |
نازانم چی بڵێم کۆنی کەچ ڕەوشت | ناکەس پەرەست و شوومی بەد سورشت |
لە خوام گەرەکە نەتبێ ڕەهایی | نەبینی خۆشی و ڕۆژی ڕۆشنایی |
بۆ هەموو ساڵێ بە دڵی غەمگین | بە ئاوی چاو و فرمێسکی خوێنین |
چینێ نەو نەمام گۆڵ بۆی تازە دەم | بە سزاو و مەینەت تێنیتە بەرهەم |
لە ناکاو وەکوو دوژمنی پڕ قین | شادیمان ئەکەی بە گریان و شین |
ئەیاندەیتە بەر شمشێری ئەجەل | ئەیبڕی ڕیشەی نەشات و ئەمەل |
دەک فەڵەک ڕەببی هەر خەم بەرگت بێ | هەموو کاتێکت سزای مەرگت بێ |
نەبینی شادی و نەشاتێ لە ژین | چونکە گشت ساڵێ ئەمانخەیتە شین |
1957/10
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|