ئەی قەڵای پاشا قەسری سەر سیروان
گفتوگۆ لەگەڵ «قەڵای پاشا»
ئەی قەڵای پاشا قەسری سەر سیروان | تو خوا پێم بڵێ بۆچ بوویی وێران |
بۆچ وا خەرابە و چۆڵ و مەحزوونی | بۆ چی ڕووخاو و کەلاوە کۆنی |
هاتە ئە زوان قەسری وێرانە | جوابی دامەوە بە ئەم زوانە |
وتی برا گیان بۆچ ئاگرت دام | بۆچ توێژی زامی توێژ بەستەت لا دام |
هەوەڵ شوێنێ بووم سارا و سەماوات | ڕۆژێ لە ناکاو دەنگی تەپڵێ هات |
سەیرم کرد میرێ لە گەڵ سووپایێ | هاتە ئەم دەورە و ماتڵ بوو تاوێ |
وتی بە لەشکر قەرارمانە | ئەم دەورە زوسان هەوارمانە |
سبحەی کە شوعلەی خۆر هاتە دیار | هاتە خوار سوپا و کۆچ و تلمیت بار |
سیاماڵ بەزی چین لە بانی چین | بووم وە دەورەی وەک گوڵزاری چین |
بووم وە نۆشینگەی کەیخەسرەو ناوێ | بولەند ئەمیرێ حشمەت پەنایێ |
بەینێ هەوارگەی کەیخەسرەوێ بووم | ماوای سەڵتەنەت تەختی کەیێ بووم |
بەهار عێلە و ژوور خێڵ پەروازی کرد | خوسرەو بۆ نەبوون هیمەت خوازی کرد |
ئەو تەپڵی حشمەت لە خوسرەو ماوە | لێ دریا بە ناو حەمە پاشاوە |
کە دەورەی شایی بوو بە دەورەی ئەو | بوو بە جێ نۆشین دێهیمی خوسرەو |
منی بنا کرد لە سەر ئەم دەورە | ناوی نام قەڵای لای «ماڵە گەورە» |
بووم وە پایتەخت حەمەد پاشا خان | قاپی عەشایر بابان و گۆران |
بەینێ نۆشینگەی حەمە پاشا بووم | ماوا و مەکانی ئەو جەمشید جا بووم |
ڕۆژێ بە ئەمری قەزای ڕەببانی | لە دونیای فەنا پاشا بوو فانی |
جێ نۆشین سەر تەختی سەڵتەنەت | مەحموود پاشا بوو نیشتە بانی تەخت |
مەحموودی گەردوون جێگەی نازی بوو | سەر سوڵتان مەحموود وەک ئەیازی بوو |
ئەم دەورە یەکسەر جێگەی مەوارۆ | یا ماڵە میر و یا خزمەت کارۆ |
من هەوارێ بووم باشقەی هەواران | نیشتمانی تەخت شا و شاریاران |
تاقێ بووم وێنەی تاق کیسرەوی | سەرای هوماوین ئەرکی خوسرەوی |
نەی دەورە ماوای گوڵ عوزاران بووم | شکارگەی لەشکر میر شکاران بووم |
جێگەی حاکمی ئقلیم گیران بووم | ماوای سەڵتەنەت میری میران بووم |
هەر لە هەولێرۆ هەتا ڕەوانسەر | کەرکووک تا هەوشار کەڵوڕ تا پژدەر |
سەرداری سەر کچ لە ئیوانم بوو | گشت دەستە و نەزەر ڕووی دیوانم بوو |
ئێواران مەجلیس تێما ئەگیرا | قەراری ڕاوی شەفەق ئەدریا |
لە گەڵ شەفەقدا سەدای ڕاوچیان | لێل دەنگت تەپڵ دا ئەگەیە کەیوان |
کوا کەیخوسرەو بەگ دەزگا و زەمزەمەی | کوا ماڵە گەورە و عێل ئەم چەمەی |
کوا مومەحمەد پاشا و بەزم و دەزگاکەی | کوانێ پشت ماڵە و تیپی سووپاکەی |
کوا مەحموود پاشا میری میران بوو | شەعشەعەی لە ڕۆم هەتا تاران بوو |
کوا خانەدانی ئەمیر زادەکان | کوا باز و سوپا و کوا بەگزادەکان |
ئیستا کە من چۆن وێرانە نەبم | بۆچ لە دونیادا ئەفسانە نەبم |
چونکی دوای ئەوان بە سەر چوو باوم | بۆیە کاول و چۆڵ و ڕووخاوم |
1940/4
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|