ئەی موسوڵمانان خوا بەم بێ شەریک و تاکییە
|
ڕۆح و عەقڵ و دینی دا پێمان نیهاییەی چاکییە
|
تا ئیتاعەی پێ بکەین و تالیبی دونیا نەبین
|
کردەوەی ئێمە غرووری و غافڵی و بێ باکییە
|
داری دونیا میوەهات و سێبەری زەهراوییە
|
خواردن و لێ خەوتنی هەردوو لە بێ ئیدڕاکییە
|
فیکری سونعی خالیق و شوکرانی نیعمەتمان نیە
|
بۆیە دونیا حاسڵی بۆ ئێمە هەر غەمناکییە
|
خەوی غەفڵەت هەردوو چاوی عیبرەتی داپۆشییە
|
تێبگە شەو بۆ چی وا تاریک و ڕۆژ ڕووناکییە
|
خواردن و خەو بێ کەماڵ و بێ شعووری کردووین
|
زەحمەتە خوا چاکی کا ئەم عیللەتە زگماکییە
|
یاری خۆمان کردە دوژمن باوەکوژمان کردە یار
|
ناخەڵەف خۆمان کە بابی ئێمە ئادەم خاکییە
|
بۆ گوناهی گەندومێ ئادەم لە جەننەت دەرکرا
|
با وجوودی ئەو هەموو عیزز و ویقار و پاکییە
|
تۆ کە سەرتاپا وجوودت غەرقی زوڵم و بیدعەتە
|
موستەحەقی جەننەتی بەم پاکییە بەم چاکییە؟
|
عاقیبەت طوعا و كرها گشتمان نابوود ئەکا
|
چونکە دونیا کردەوەی هەر کوشتن و سەفاکییە
|
تۆ کە بابت گەندومێکی خوارد و خوا لێی خۆش نەبوو
|
تۆ کەبابت خۆش ئەوێ سابیر خاسارەتناکییە
|