ئەی هەموو عالەم بە چاوانی نەخۆشت نامیزاج
|
ئینتیزارن ئەی مەسیحالەب بیاندەیتێ عیلاج
|
تۆ کە دەرکەوتی مەهـ و ئەستێرە شەو نووریان نەما
|
ڕۆژ کە مەیلت بێ لە مەحبووبان ئەسێنی خەرج و باج
|
بۆ غوڵامی تۆ بەنیئادەم هەموو گەردنکەچن
|
جوملە دەروێش تا غەنی تا ساحیبانی تەخت و تاج
|
دەردمەند و موستەمەندم تۆ حەکیمی حازیقی
|
تۆ بە ساغم سەرف ئەکەی حەزکەی بە نەقدی بێ ڕەواج
|
تا دەماغی دڵ لە بۆنی جەننەتی حوسنت پڕە
|
شاد و سەرمەست و مەجازم بۆتە داوی نامیزاج
|
ئەی مەسیحالەب بە چاوی تۆ لە ڕوحم لێوەیە
|
تۆ وەرە ڕەحمێکە یا ڕوحم بسێنە یا عیلاج
|
سابیری لەوساوە سورمەی چاوی خاکی ڕێگەتە
|
چاوی بینایە بە بەدری حوسنی پاکت لەیلی داج
|