ئەی وەتەن من تێ ئەگەم بۆ شین و زاری کارتە
|
بۆ نەبوونی عیلمی بەرزی گەورە و سەردارتە
|
ئاخ و داخ و ئاهی سەردی تۆ سەبەب ئەم دوانەیە
|
خۆپەسەندی و غایەویستی گەورەکانی شارتە
|
تۆ ئەگەر سەبرت ببێ وا باخەکەت هاتۆتە بەر
|
نەونەمامی ڕیزی مەکتەب پاکی خزمەتکارتە
|
وا نەزانی هەر بەتەنها گەنجەکانت عاجزن
|
بیریان کردۆتەوە پیریش هەموو خەمبارتە
|
قەت نەناڵێنی بڵێی بێ پشتیوان و بێ کەسم
|
شاخی سەخت و کێوی بەرزت شیری جەوهەردارتە
|
داخی جەرگی عالەمی ئەمڕۆ بە شەرق و غەربەوە
|
ڕەنگی شینی کێوەکان سەوزە و گوڵزارتە
|
فەرقی تۆ و لوبنانە بەینی ئاسمان و ڕووی زەمین
|
ناڕەواجیی تۆ، ئەزانم بەختی چەوت و لارتە
|
چەشمەکانت تێ ئەگەن خۆشتر لە ئاوی کەوسەرە
|
ئەهلی غەربی بۆیە دایم تالبی کڕیارتە
|
ڕۆژەکەت ڕووناکە ئەمڕۆ وا هەلت کەوتۆتە دەس
|
گەر لە دەستت بێتە دەر ئەمجارە ئاخرجارتە
|
گەر ئەپرسی حاڵی موفتی ئاهـ و ناڵەی بۆ چییە؟
|
عاشقی دەشت و دەر و شەیدایی بەرد و دارتە
|