ئەی وەتەن یەعقووبی تۆم و یوسفم لێ گوم بووە
|
ئەی وەتەن بەدناوی تۆم و ئابڕووم بۆ تۆ چووە
|
کێ فرۆشتیتی بەوەڵڵا نانی خێری خواردوە
|
ڕیشی نامەردی درێژە و سادقە، بەچکە جووە
|
ئەی خودا هەستێ لە خەو ئەم بەختە حیزەی نووستووە
|
ئەی وەتەن کەی خۆش ئەبێتۆ زامی پڕ ئێش و بە سۆت؟
|
عەیبی بێ خێوییت نەبێ هەر زێڕ و زیوە تان و پۆت
|
دێتە مێشکم کوللی ڕۆژی دەنگی ناڵە و ڕۆڵە ڕۆت
|
شەرتە ڕۆحی خۆم و سێ کوڕ کەم بە قوربانی لە بۆت
|
کێ ئەڵێ ئەم بێشە چۆڵە شێرەکانی نووستووە
|
دوژمنان بۆچی بەناحەق هەر خەریکی هات و چوون
|
خۆی لەمن چاکتر ئەزانێ ئەو لەگەڵ کورد بووک و شوون
|
ناخەنە خۆیان دە چی بکەم بێ حەیا و بێ ئابڕوون
|
بەچکە شێری نیشتمانم شێرەزای شێرانی زوون
|
ڕشتنی خوێنی عەدوو بۆ کورد بە ئیرسی هاتووە؟
|
ئەی وەتەن دیققەت لە حاڵی تۆ ئەکەم عەیبی نییە
|
ساحیبی ڕزقە و کەرامەت خاکەکەت فردەوسییە
|
تۆزە عەیبێکت ببێ هیچ تر نییە بێ علمییە
|
پێم بڵێین ئەی عاقڵانی کوردستان وەحشی چییە؟
|
لاوەکانی کوردستانم شانیان کز کردووە
|
گەر لە شارێکدا یەکێکمان ڕبعە دینارێ ببا
|
یا بە نانی خۆیەوە ئیشێ لەبۆ خەڵقی بکا
|
بابی خۆی بۆ سەربڕی ڕازی نییە با ئیشی خوا
|
خۆی ئەڵێ هەرکەس کە نانی جۆ بخوا شوکری بکا
|
ناڵێ ئەم ڕبعە لە کوێیە و کێ لەبۆمی ناردووە؟
|
کەی لە ئیستهلاکی... عانەیێ نێرایە ژوور؟
|
یاخۆ پارەی... خەرج کرا بۆ شارەزوور
|
خۆشە لای ئەبلەهـ و نەزان دەنگی دەهۆڵ و دەشتی دوور
|
با کەمیش بێ تۆ مەنووچیهر و ئەویش وەک سەلم و توور
|
یەک وەلەو کەم بێ براکەم چاکە هەر نیوەی دووە
|
قانعا تاکەی بە شێتی بۆ وەتەن تەدبیر ئەکەی؟
|
بێ نەتیجە بۆچی بۆ مردوو وەها تەقریر ئەکەی؟
|
یا لەبۆ ئیبرازی جەوهەر خۆتە وا تەحریر ئەکەی
|
دەک دەر و ماڵی بشێوێ شەرتە تۆش تەزویر ئەکەی
|
داکەوە بۆ خۆت لە کونجێ چیتە لەم هاتووچووە؟
|