ئەی پەرتەوی ڕەنگت بە مەسەل عەینی چرایە
|
وەی حەلقەیی زولفت شەبەهی دامی بەڵایە
|
کردووتە نیشانەی سەری موژگانی خەدەنگت
|
بۆیە دڵەکەم بێکەسە لەم گۆشە خزایە
|
سەوداسەری تۆم مەمخەرە زیندانی جودایی
|
سندووقی سەرت دەفعەیێ مەیلم کە وەلایە
|
بێ یار و دەلیل، پا مەنێ ڕێی عەشقی جەوانان
|
چەند سەر لەسەر ئەم ڕێگە لە سێدارە درایە
|
پەروای نییە ئەسڵا لە قسەی زاهیدی خودبین
|
مەعلوومە حەیای عاشقی بێچارە ڕژایە
|
گیراوی سەری زولفی تۆ تا مردنە قوربان
|
چۆن باوەڕە حەپسی تۆ کە لەم قەیدە ڕەهایە
|
خوێنم بڕژێ سوورەتی ناوی تۆ دەکێشێ
|
تا نەمکوژی نازانی کە سافی بە وەفایە
|