ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ
ئەی پەپوولەی هەژاری ڕەنگاوڕەنگ | بفڕە بۆ خۆت بەسەر گوڵ و چەمەنا |
لە شەقەی باڵ بدە بە سەد ئاهەنگ | لە دەرودەشت و ناو چیا و دەوەنا |
*** | |
چەندە جوانە کە ئەفڕی پێچاو پێچ | هەر هەناسەی لە شوێنێ میوانی |
ڕێی فڕینت بڵند و خوار و خێچ | بێ وەی و شادمان و خەندانی |
*** | |
خۆزگە دوو باڵی چەشنی تۆم دەسەکەوت | پێی بچوومایە ناو چەمەن بەبەیان |
گوڵ زیارەت بکەم بەڕیز شەش و حەوت | هەڵمژم بۆن و ماچ بکەم پەڕەیان |
*** | |
خۆزگە وەک تۆ بە تاقی تەنیایی | ڕامبواردایە دوور لە خەڵقی زەنجین |
جێم چەمەنزار ئەبوو بە شەیدایی | بێ غەم و دەرد و دوور لە بوغز و قین |
*** | |
خۆزگە وەک تۆ لە گۆشەی دنیا | تێ بگەیمایە چەندە سەربەستی |
بێ غەم و کەڵکەڵەی جیهان و سزا | وەکوو تۆ دوور ئەبووم لە دڵپەستی |
*** | |
ئەی پەپوولەی هەژاری ئێسک سووک | تۆ بەسەزمان و هێمن و مەزڵووم |
بیری گەورەت هەیە و سەرێکی بچووک | فەلسەفەی ژین لە تۆ بووە مەعلووم |
*** | |
ئەی مەلی بێ هەوا و کیبر و غوروور | بفڕە بۆ خۆت بە عەرد و ئاسمانا |
بفڕە بۆ خۆت بەزەمزەمە و بەسروور | کەمە هاوتات لە کردەوەی جوانا |
1942/12/18
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|