ئەی کوردی خەفەت بار و بریندار و پەرێشان
|
ئەی میللەتی بێ پشت و بەبێ یاوەر و عوریان
|
جێماوی لەگەڵ نەوعی بەشەر تاقمی یاران
|
ماڵداری بەبێ ماڵ و سەری بێ سەر و سامان
|
ڕاستۆ بە لەخەو سەیری بکە عالەمی ئیمکان
|
کوردینە ئیتر خزمەتی ئەغیار هەتا کەی؟
|
شوێن کەوتنی بێگانەیی خونخوار هەتاکەی؟
|
دڵپاکی لەگەڵ عەقرەبی چزدار هەتا کەی؟
|
هەڵگرتن و ماچکردنی ڕەشمار هەتا کەی؟
|
عالەم هەموو خەندان و ئەتۆش زاری و گریان
|
کوردینە وەرن حاڵی ببن زاری و شینم
|
بۆچ وا بەخەم و قوڕ بەسەر مات و حەزینم
|
وا من ئەمرم بۆ وەتەنم دیدە گرینم
|
لەم حاڵەتی مەحکوومیە بێزار لە ژینم
|
هاوارە دەسا غیرەتێ ئەی کۆمەڵی شێران
|
ئەو ڕۆژە کە مەیدانی مەقاماتی خوایە
|
مەیدانی حەسابات و گوناهان و جەزایە
|
ئەوباڵی ئەم ئەوزاعە لەسەر پیاوی بەڵایە
|
بڕوانە چ غەوغایە چ هاوار و هەرایە
|
یەک ڕاوکەری... و یەکێ پاس کەری....
|
ئەی کوردی ستەمدیدە هەتا کەی لە مەلالا
|
بێگانە لەسەر نێعمەتی تۆ وا لە جەلالا
|
بەو خوێنە قەسەم جارییە ئەمڕۆ لە شیمالا
|
بێ خوێن نییە سوودت لە جواب و لە سوئالا
|
گەر مەردی وەرە حازرە سەربازی و موریدان
|
سەد خۆزگە بەوەی مرد و نەما ناوی لە کایە
|
بێ خەم لە خەمی هام وەتەن و باوک و برایە
|
دووبارە دووسەد خۆزگە بەوەی غەرقی فەنایە
|
نازانێ کە ئەوزاعی زەمانە لە چ دایە
|
سا من چی بکەم دەربەدەر و بێکەس و حەیران؟
|
خۆ من بە تەمای تاجی کەی و تەختی قەجەڕ نیم
|
خاوەن قەڵەمم ساحبی شمشێر و سپەر نیم
|
دانیشتووی سەر ماڵم و سەیاحی سەفەر نیم
|
چی بکەم وەکوو یارانی ترم بێ سەر و دەر نیم
|
تا ڕۆح لەبەدەنمایە ئەنووسم خەمی کوردان
|
ئەی کوردی جەفا دیدە بەسە قەیدی ئەسارەت
|
نادان بە کوتەک حاڵییە دانا بە ئیشارەت
|
ئەم شینی منە بگرە لە دڵ مەیدە بە غارەت
|
تاکەی بە کزی و لارەملی بەند و نەزارەت؟
|
هەی هاتە دە هەی هاتە ئەیا جەمعی دلێران
|